دژە تیرۆری کوردستان: بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر

یەکێک لەو دوو درۆنە بۆمبڕێژکراوەی نزیک لە فڕۆکەخانەی هەریر کەوتووەتە خوارەوە (وێنە: دژە تیرۆری کوردستان)
یەکێک لەو دوو درۆنە بۆمبڕێژکراوەی نزیک لە فڕۆکەخانەی هەریر کەوتووەتە خوارەوە (وێنە: دژە تیرۆری کوردستان)

K24 - هەولێر

دژە تیرۆری کوردستان رایدەگەیەنێت، شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەریر. ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە "هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-11-2023، دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "شەوی رابردوو لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی هەریر، لە پارێزگای هەولێر".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی دژە تیرۆری کوردستان، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە کاتژمێر 23:30 و کاتژمێر 00:40 ـی شەوی رابردوو ئەنجامدراوە و "هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 07-11-2023، لە ڕێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ دووانیان لە ئاسماندا تەقێندرانەوە و ئەوەی دیکەشیان بەنەتەقیوی کەوتەخوارەوە.

 

یەکێک لەو درۆنە بۆمبڕێژکراوانەی نزیک لە فڕۆکەخانەی هەریر کەوتوونەتە خوارەوە (وێنە: دژە تیرۆری کوردستان)
یەکێک لەو دوو درۆنە بۆمبڕێژکراوەی نزیک لە فڕۆکەخانەی هەریر کەوتووەتە خوارەوە (وێنە: دژە تیرۆری کوردستان)
یەکێک لەو درۆنە بۆمبڕێژکراوانەی نزیک لە فڕۆکەخانەی هەریر کەوتوونەتە خوارەوە (وێنە: دژە تیرۆری کوردستان)
یەکێک لەو دوو درۆنە بۆمبڕێژکراوەی نزیک لە فڕۆکەخانەی هەریر کەوتووەتە خوارەوە (وێنە: دژە تیرۆری کوردستان)

 

لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، گرووپی 'مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق' بەرپرسیارێتى خۆى لە زیاتر لە 25 ھێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا راگەیاندووە. بێجگە لەم گرووپە چەکدارییە، میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق چەندین جار هەڕەشەیان لە ئەمەریکا و ئیسرائیل کردووە، ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە نەوەستێنن، لە هەموو شوێنێک بە ئامانجیان دەگرن.

رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 38 جار لە عێراق و سووریا هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان؛ بەشێوەیەک لە عێراق 20 جار و لە سووریاش 18 جار. گوتیشی، "بەهۆی هێرشەکانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندمان بریندار بوون".

Fly Erbil Advertisment