بەنگین رێکانی بۆ کوردستان24: شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان گفتوگۆ دەکەن

K24 – بەغدا:
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی فیدراڵی تایبهت بە کوردستان24 رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەن بە رێککەوتن و تورکیاش ئامادەیە و ئەو کێشانەی ماوەتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان چارەسەردەکرێت.
رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی فیدراڵی بۆ کوردستان24 باسی گفتوگۆکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، شاندەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان گفتوگۆ دەکەن.
بەنگین رێکانی گوتیشی، شاندەکەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوتی فیدراڵی لە هەولێرن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی و ئاشكراشی کرد، توركیا هیچ كێشهیهكی لە ههناردهكردنهوهی نهوتی هەرێم نییه.
هەروەها بەنگین رێکانی ئاماژەی بەوەکرد، ھەولێر و بەغدا بۆ ئهم پرسه دهگهن به رێككهوتن، ئەو کێشانەی ماوە لەگەڵ کۆمپانیاکانە و چارەسەر دەکرێن و دواتریش دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
لەبارەی کێشەی کۆمپانیاکانیشەوە، ئەو وەزیری حکومەتی عێراق جەختی کردەوە، لە یاسای بودجهی فیدراڵی پارهیهكی زۆر كهم بۆ كۆمپانیاكان دانراوه، کە ناگاتە بەهای کارکردنی کۆمپانیاکان لە پرۆسەی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و لە هەوڵی ئەوەشدان کە ئەو پارەیە زیادبکرێت.
رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتنە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.
ئەو شاندەی یاوەری حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵییان دەکرد، پێکهتابوون لە بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕەێوەبەری گشتیى کۆمپانیای سۆمۆ و جێگرەکەی.
دوای گەیشتنی بۆ شاری هەولێر، حەیان عەبدولغەنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەشیدا، شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوتی فیدراڵ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و تیمەکەی، جەختمان لە دابینکردنی پێداویستی دارایی و تەکنیکیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە لەسەر بنەمای دەستوور و گرێبەستەکان کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمدایە."
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا و رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا حەوت ملیار دۆلار زیان بە عێراق گەیشتووە.