لە هەولێر فیلمی "هەنسکی ئاسمان" نمایشکرا

K24 - هەولێر

کورته فیلمی "هەنسکی ئاسمان" لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند "شەهرام قادر" و نواندنی ریشوان ئیبراهیم و رێژوان عەزیز و دەستەیەک لە کچان و کوڕانی خۆبەخشە، کە بەشێوەی کۆمبارس لەو بەرهەمە سینەماییەدا بەشدارن و دوای چەند ساڵێک چاوەڕوانی لە نمایشکردنی ئەم فیلمە، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی یانزەهەمین هەفتەی وەرزی پایزەی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر لە سەنتەری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی رۆشنبیری و هونەر نمایش کرا.

ناوەڕۆکی ئەم فیلمە مێژووییە باس لە راپەڕینە مەزنەکەی کورد و راونانی رژێم دەنێت لە رانیەی دەروازەی راپەڕین و هەولێر و دهۆکدا، کە دواجار بە رووبارێک خوێن کورد مێژووێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان و ئازادی و قبوڵ نەکردنی ژێر دەستەی دەنووسێتەوە.

"شەهرام قادر" سیناریست و دەرهێنەری فیلمەکە بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: چیرۆکی ئەو بەرهەمە سینەماییە گێڕانەوەی میژووێکی پڕ لە قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرپاکردنی شۆڕشێکی مەزنە لە پێناو ئازادی و دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد، بۆیە تا ئەو رۆژەی مەشخەڵی راپەڕین هەڵدەکرێت رووبارێک خوێن دەڕژێت، بەڵام دواجار ئیرادەی گەلی کورد سەردەکەوێت و لە زوڵم و حوکمی دیکاتۆریی رزگاری دەبێت و مێژووێکی نوێ بۆ خۆی نەتەوەکەی دەنووسێتەوە.

.