وەزارەتی بەرگری تورکیا: 17 پێگەی پەکەکەمان لە گارە و مەتینا و قەندیل بۆردومان کردووە

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، وێنە: AA
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، وێنە: AA

K24 - هەولێر:

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، 17 پێگەی پەکەکەیان لە ناوچەکانی گارە و مەتینا و قەندیل بۆردومان کردووە.

ئەمڕۆ هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی بەرگری تورکیا لەبارەی بۆردومانەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە دژی ئامانجە تیرۆرستییەکان لە ناوچەکانی گارە ومەتینا و قەندیل ئەنجامدراون، کە 17 پێگەی پەکەکە لەو ناوچانە بۆردومان کران.

لە راگەیاندراوەکەدا هەروەها هاتووە، تورکیا لەپێناو نەهێشتنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی تیرۆرستان و پاراستنی سنوورەکانیان ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەی ئەنجامدا.

رۆژی هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە فڕۆکە لە ئاسمانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین دەسوڕێتەوە و دەنگیان دەبیسترێت.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کە لە گوندنشیانی سنوورەکەی گواستووەتەوە، دوای کاتژمێر 8:00ـی ئەمشەو بۆردومانی گوندەکانی بناری قەندیل دەستی پێکردووە، بەتایبەتی لە سنووری شەش گوندی ناحیەکانی ژاراوە و سەنگەسەر، بۆردومان ھەبووە بەڵام زیانەکان نەزاندراون.

بەگوێرەی دانیشتووانی ناوچەکە، دەنگی بۆردومانەکان لە نزیک گوندەکانی بۆکریسکان، زێڕنەکێو و بۆڵێ بیستراون، بەشێوەیەک دەنگی بۆردومانەکان بەجۆرێک بەھێز بووە، دانیشتووانی شارەدێکانی سەنگەسەر و ژاراوە لە دووری چەندان کیلۆمەتر بیستوویانە.

Fly Erbil Advertisment