ئەنجامى وەرگرتنى قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان راگەیەندرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 – هەولێر:

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامى وەرگرتنى دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى و پێشکەشکارانی دیکەی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) رادەگەیەنێت و لە ئێستاوە پێشکەشکاران دەتوانن لە رێگەى ئۆنلاینەوە ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.

رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند و پێشکەشکاران دەتوانن لە رێگەی لینکی (mhe-privatestudy.com) ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە کۆدى تاقیکردنەوەکانیان وەربگرنەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە، راگەیاندنى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بڕیارى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى تایبەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان کە ساڵانە بە رێژەى (10 بۆ 20%) کەمدەکرێتەوە، ئەمەش لەپێناو لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشکەشکارانى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان لە ئێستاوە دەتوانن لەڕێگەى لینکى (mhe-privatestudy.com) ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە کۆدى تاقیکردنەوەکانیان وەربگرنەوە، هەروەها پێویستە وەرگیراوان لەماوەى سێ رۆژدا پەیوەندى بە شوێنى وەرگرتنیان بکەن، ئەگینا بە پێچەوانەوە مافى وەرگرتنیان لەو بەشە نامێنێت.