دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵی
باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵی

K24 - هەولێر

دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-12-2023، سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممەی دادگای فیدراڵی، لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ رۆژی 27-12-2023 دواخرا".

لەبارەی هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە، سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکان و پێویستی دادگا بۆ زانینی وردەکاریی زیاتر لەبارەی یاسا و سکاڵاکە، دانیشتنەکە دواخراوە".  

سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.