سزای 11 ساڵ زیندانیکردن بۆ مامۆستایەکی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەرچوو

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی
سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی

K24 - هەولێر

مامۆستایەکی زمانی کوردی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای 11 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

سەیوان ئیبراهیم لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایشی" بە 10 ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە دژی حکوومەت" بە یەک ساڵ زیندان سزا دراوە.

ئەو مامۆستایە چوار مانگ لەمەوبەریش بە هۆی دۆسیەیەکی دیکەوە 'بە لێدانی 40 قەمچی' سزا درابوو.

زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و هاوسەری سەیوان ئیبراهیمییش؛ ساڵی رابردوو هەر بە تۆمەتی هاوشێوە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، بەڵام پاش ماوەیەک بەر لێبووردنی گشتی کەوت و ئازاد کرا.