ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دهۆک جێبەجێدەکرێن

K24 - هەولێر
بە گوژمەی زیاتر لە نۆ ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای دهۆک چوونە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07-12-2023، راگەیاندنی پارێزگاری دهۆک بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە گوژمەی زیاتر لە نۆ ملیار و نیو دینار ژمارەیەک پڕۆژە خزمەتگوزاری خستنە بواری جێبەجێکردنەوە.
پڕۆژەکان بریتین لە:
- هەڵکەندنی بیر و چاککردنی تۆڕی ئاوی گوندی "ئێمینکێ" لە سنووری زاویتە.
- دروستکردنی هۆڵی بۆنەکان لە بەردەڕەش
- دروستکردنی هۆڵی بۆنەکان لە دهۆک
- دروستکردنی بەنداوی بارزانکا
هەر لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەدا نەوتی سپی بەسەر هەموو مزگەوتەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دابەشدەکرێت.
لە سنووری ئاکرێش، بە بڕیاری پارێزگاری دهۆک؛ شۆفڵ، رووڵەر و هەندێک کەرستەی دیکەی رێگاوبان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی ناحیەی گردەسێن دابین دەکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممەش، 29-11-2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەردوو کەمپی کەبەرتوو یەک و دوو بە درێژایی 7.8 کیلۆمەتر و بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتیی پارێزگای دهۆک دانا.