محەممەد شوکری: هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە هانی وەبەرهێنەران دەدات

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە هانی وەبەرهێنەران دەدات و ئاسانکارییان بۆ دەکات.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07-12-2023، کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجوومەنی بازرگانی عێراق-بەریتانیا لە شاری دووبەی لەژێر ناوونیشانی "عێراق: بونیاتنانی ئاییندەیەکی بەردەوام" دەستیپێکرد و تاوەکو سبەی هەیینی 08-12-2023، بەردەوام دەبێت.

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارە.

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند، "دڵخۆشین ئەمڕۆ لێرە لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجوومەنی بازرگانی عێراق-بەریتانیا کۆبووینەتەوە، پێمخۆشە لە جێگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی یەک بە یەکەی ئامادەبووان بکەم".

بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: "وەبەرهێنان بە گشتی، خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بووە لە بنیاتنانی بنەما و دامەزراوەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان. لە کابینەی نۆیەمدا بەپشتیوانی و رێنمایی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر ئەجێندایەکی فراوان کردووە، کە چاکسازی، چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسی و داراییەکان، بنیاتنانی ئابوورییەکی بە هێز و هەمە جۆر بۆ خۆبژیوی لەخۆدەگرێت".

دیدگای دەستەی وەبەرهێنان، وەکو ئەوەی د. محەممەد شوکری باسی کرد، "هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ دابینکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە چەندین کەرتی جیاواز. سەرنجیان لەسەر ئاسانکاری، یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنەرانە لە ئاڕاستەکردنی وەبەرهێنانەکانیان بەرەو ئەو پرۆژانەی، ژێرخانی ئابووری بەهێز دەکەن".

د. محەممەد شوکری ئاماژەی بەوەش کرد، "بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و عێراق، هەرێمی کوردستان زیاتر هانی وەبەرهێنەران دەدات و ئاسانکاریان بۆ دەکات. ئەمەش ئیمتیازات و هاندان دەگرێتەوە لە یاسای وەبەرهێنان، لەگەڵ ئاسانکاریی زیاتر، کە لەلایەن ئە نجوومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە پێشکەشکراوە. بارودۆخی گونجاوی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان، سەقامگیری سیاسی، فرەکلتووری، دیموکراسی و ئاسایش دەگرێتەوە. ئەمەش، وا دەکات بە بەراورد لەگەڵ عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان سەرنجڕاکێشتر بێت".

ئێستا، نزیکەی 200 کۆمپانیای بەریتانی لە چەندین کەرتی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەوانەش پەروەردە، خواردن و خواردنەوە، ئۆتۆمبێل و چاودێری تەندروستی. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، "ئەم بەشدارییە چالکەش ئەو پەیوەندییە بازرگانییە بەهێزانە نیشان دەدات، کە لە چەند ساڵی رابردوودا دروستمان کردوون".

د. محەممەد شوکری گوتی، "ئێستا، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە لەسەر پرۆژە بنچینەییەکانی ژێرخانی ئابووری. ئەمەش دروستکردنی بەنداوەکان، دانانی هێڵی شەمەندەفەر، باشترکردنی پاسەکانی شار و رێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان دەگرێتەوە. کوردستان بەو ماددە خاوە بێشومارانەی هەیەتی، چە ندین کارگەی پیشەسازی گەورە و مۆدێرنی دروستکردووە".

بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، "کوردستان خاکی بەپیتە و کەشوهەوای گونجاوە بۆ پرۆژە کشتوکاڵییە گەورەکان، ئاژەڵداری و پیشەسازی خۆراک. بەرزی نزمی و تۆپۆگرافیای ناوچەکە دەرفەتی زۆر باش دەڕەخسێنێت بۆ دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاری بێوێنە. لەگەڵ ئەوەشدا، کوردستان شانازی بەهێزی کاری گەنج و شارەزا و خاوەن بڕوانامەی خۆی دەکات، کە ئامادەن بۆ کارکردن لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان".