وەزیری کشتوکاڵ: هەناردەکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان هەنگاوێکی گەورەی کابینەی نۆیەمە
K24 - هەولێر
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لەساتی نمایشکردن هەنگوین لە کارفۆر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ قۆناغێکی دیکەی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران رادەگەیێنین.
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی هەناردەکردن و رەوانەکردنی هەنگوینی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە و ناوخۆ بەشێوازێکی مۆدێرن و جوان رادەگەیێنین، کە ببێتە هۆکارێک تاوەکو ئێمەش بتوانین بەرهەمە ناوخۆییەکانمان هەم لە رووی کواڵێتی و هەمیش لەرووی پاکێجینگەوە رکابەری بەرهەمەکانی جیهان بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم و وەزارەتی کشتوکاڵ، هەنگاوی زۆر گەورەو ستراتیژین، کە ئەمە دەستپێکێکە بۆ ئەوەی بتوانین لە ئایندەدا دەرگای بازاڕەکانی جیهان بەپێی ئەو ئاستانەی کە خواستی لەسەرە، بۆ بەرهەمی جووتیارەکانی خۆمان بکەینەوە.
دەشڵێت: ئەمەش هاندانێکی گەورەیە بۆ جووتیارانی ئێمە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ئایندەدا رێژەی بەرهەم هێنان زیاد بکەن هەروەها کواڵێتی بەرهەمەکانیان بەرزبکەنەوە، تاوەکو ئێمەش بتوانین بازاڕیان بۆ پەیدا بکەین.
روونیشی کردەوە، ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم تەنها بۆ بەرهەمێک و دوو بەرهەم نییە، بەڵکو بەپێی جۆری ئەو بەرهەمانەیە کە لەخۆمان زیاترە و بەبازاڕیان دەکەین. دەشڵیت: ئێمە سوپاسی ئەوانە دەکەین کە هاوکاربوون لە هەناردەکردنی هەنار و هەنگوین، هەروەها سێویش لەداهاتوو هەناردە دەکەین.
گوتیشی: وەزارەتی کشتوکاڵ بە هەماهەنگی نووسینگەی سەرۆکوەزیران لەئایندەیەکی نزیکدا میکانیزمێکی گونجاو بۆ هەناردەی بەرهەمەکان دادەڕێژین، تاوەکو بتوانین کۆنتڕۆڵی جۆری هەناردەکردنەکان بکەین، بە شێوازێک کە ئەو بەرهەمەی دەڕواتە دەرەوە هیچ گلەیی و گازاندەیەکی لە هیچ بازاڕێکی دەرەوە لەسەر نەبێت و ناونیشانی بڕاندی کوردی لەبازارەکان بپارێزین.
باسی لەوەشکرد، ئێمە راستە لەوڵاتانی کەنداو دەستمان پێکردووە، لە وڵاتی ئیمارات و قەتەر، ئێستاش خەریکی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنین لەگەڵ وڵاتی ئوردن و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی تر بەردەوامی دەبێت، بەرهەمەکانیشمان خواستی بازاڕەکانی لەسەرە.