"داوا دەكرێت رێگە لە رۆیشتنی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید بكرێت"
بەپێی تۆڕی دێڤینسا سێنتراڵی ئیسپانی پاریس سانجێرمان بۆ جاری دووەم پەنا بۆ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا دەبات بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بکات و رازی بکات بە مانەوەی لە پاریس سانجێرمان، ئەمەش دەبێتە جاری دووەم سانجێرمان لە رێگەی ماکرۆنەوە هەوڵی هێشتنەوەی ئەستێرە فەرەنسیەکە بدات.
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە ئیمانوێل ماکرۆن دەیەوێت پاداشتی ئێمباپێ بکات بە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ئۆڵمپیکی پاریس ئەگەر بڕیاریدا گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و لە باخچەی شازادەکان بمێنێتەوە.
دێڤینسا نووسیویەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید درک بەوە دەکات ئێمباپێ لەژێر فشارێکی گەورەیە لەگەڵ ئەوەشدا بێ هیوا نەبووە و دەیەوێت لە سەرەتای ساڵی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات و دەبێتە دوایین دەرفەت بۆ ئەوەی ئێمباپێ بچێتە ریاڵ مەدرید.
دوو ساڵ لەمەوبەر پاریس سانجێرمان داوای لە ماکرۆن کرد ئێمباپێ رازی بکات بەوەی نەچێتە ریاڵ مەدرید و لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە و لە یەکەمین هەوڵیدا سەرکەوتوو بوو لە رازیکردنی یاریزانە فەرەنسیەکە.