رێبەر ئەحمەد و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە جنێڤ کۆدەبنەوە
K24 - هەولێر
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران لە جنێڤ، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆدەبێتەوە.
بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران لە جنێڤ، رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/12/2023، لە دووەم رۆژی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و دۆخی ناوچەکە دەکرێت.
کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران 2023، دوێنێ چوارشەممە، 13/12/2023 لە شاری جنێڤی سویسرا دەستیپێکرد و تا رۆژی هەیینی، 15/12/2023 بەردەوام دەبێت، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و به یاوهری دكتۆر ئالان حهمهسهعید وهزیری پهروهرده بەشداری کۆڕبەندەکەن.
لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێكی پێشکەشکرد و باسی لە دۆخی پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا، لە عێراق شانازی بەو دەستکەوتانە دەکەن کە هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە، هاوکات سەرکەوتووبووینە لە لەخۆگرتنی پەنابەران. گوتیشی: "لە وڵاتی ئێمە دەستووری فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەماهەنگن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی دیکە لە دەستبەرکردنی پەنابەران، ئێمە ئاسایش و پشتیوانیشمان بۆ پەنابەران دابینکردووە بۆ ئەوەی لە عێراق بمێننەوە".