وەزارەتی کشتوکاڵ و WFP رەشنووسێک بۆ گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان ئامادە دەکەن

وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ WFP
وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ WFP

K24 – هەولێر :

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی(WFP) رەشنووسێک بۆ گەشەپێدان و بووژانەوەی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان ئامادە دەکەن.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردۆتەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ لیژنەی هاوبەشی تەکنیکی وەزارەتەکەی و رێکخراوی بەرنامەی جیهانی خۆراک (WFP) کۆبۆوەتەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، کۆبوونەوەکە بۆ پێداچوونەوە بووە بە ناوەڕۆکی ئەو رەشنووسەی ئامادەکراوە بەمەبەستی ئەنجامدانی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا سەبارەت بە دەرفەتەکانی گەشەپێدان و بوژانەوەی ئابووری، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان و خۆڕاگری و گۆڕانکاری کەشوهەوا لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی دەستبەکاربوونی، بایەخێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، وەک بەشێک لە پێشخستنی ئابووری و لەپێناو پاراستن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، پشتگیری جووتیارانی هەرێمی كوردستانی کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتان کرد.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ئاماژەی بەوە کرد، بۆ گرنگیدان بە سێکتەری کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیکردن لە جووتیاران، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ئەنجوومەنی وەزیران 15 بڕیار و ئەنجوومەنی راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ 325 بڕیاریان دەرکردووە، هەروەها حەوت پرۆژە بڕیار و هەشت پڕۆژە یاسا ئامادەکراون و، 657 توێژینەوە و 166 خوول و زیاتر لە سێ هەزار رێنمایی بۆ جووتیاران و کاری کشتوکاڵی ئەنجامدراوە.

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد، وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵی لە ماوەی چوار ساڵی رابردووی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، لە 1.5% بۆ سەروو 8% بەرزبووەتەوە و روونیکردەوە، لە پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، کابینەی نۆیەم، چوار سایلۆی نوێی دروستکردووە و چەند سایلۆیەکی دیکەش لەژێر دروستکردندان، بەمەش رێژەی کۆگاکردنی گەنم بۆ زیاتر لە 800 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە.

کارزان حەیدەر

 

Fly Erbil Advertisment