رێبەر ئەحمەد لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی کۆبووەوە

رێبەر ئەحمەد، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لوئلوئە راشد، وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی
رێبەر ئەحمەد، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لوئلوئە راشد، وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی

K24 – جنێڤ:

وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی په‌نابه‌رانی جیهان له‌ جنێڤ له‌گه‌ڵ وه‌زیری دەوڵەتی قه‌ته‌ر بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتی قه‌ته‌ر به‌ تایبه‌ت و عێراق به‌ گشتی كۆبووه‌وه‌.

رێبەر ئەحمەد، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ لوئلوئە راشد، وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی، لە رێگەی کوردستان24ـەوە سوپاسی وڵاتی قەتەری کرد و رایگەیاند، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌رهه‌مدار بێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌ داهاتووا به‌ره‌وپێش ببه‌ن.

دوای کۆبوونەوەکەش، بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر و بابه‌تی بوونی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرا.

هه‌روه‌ها گوتیشی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌وان خۆشحاڵ بوون به‌ كردنه‌وه‌ كونسوڵخانه‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ستایشی رۆڵی هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌ حه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی په‌نابه‌ران.

پەیامنێری کوردستان24، باسی لەوەشکرد؛ قەتەر هەوڵدەدات کە ئەمن و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر بکات. هەروەها هەردوولا جەختیان لە زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەندین بوار کردەوە، وەک؛ بواری سیاسی، بازرگانی، کولتووری.

کۆڕبەندی جیهانی پەنابەران 2023، رۆژی چوارشەممە (13ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە شاری جنێڤی سویسرا دەستیپێکرد و تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ یاوه‌ری ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌ردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌ بەشداری کۆڕبەندەکەن.

لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێكی پێشکەشکرد و باسی لە دۆخی پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە عێراق شانازی بەو دەستکەوتانە دەکەن کە هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە، هاوکات سەرکەوتووبووینە لە لەخۆگرتنی پەنابەر و ئاوارەکان، جەختیکردەوە، دەستووری فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەماهەنگن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی دیکە لە دەستبەرکردنی مافی پەنابەران لە دابینکردنی ئاسایش و پشتیوانی بۆ مانەوەیان لە عێراقدا.