وەزارەتی تەندروستی: سێ نەخۆشخانەی حکومی دروست دەکرێن
K24 - هەولێر
گوتەبێژی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دروستکردنی سێ نەخۆشخانەی حکومی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و 13 وەبەرهێنەریش بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت داوای مۆڵەتیان کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە،17ـی کانوونی یەکەمی2023، د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کابینەی نۆیەم، سێ نەخۆشخانەی حکومی، بۆ شارۆچکەکانی ئامێدی، سیدەکان و پیران، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستا کاری تێدا دەکرێت.
دەربارەی نەخۆشخانە تایبەتەکان گوتەبێژی تەندروستی گوتی، "لەمساڵدا 13 وەبەرهێنەر داوایانکردووە کە نەخۆشخانەی تایبەت، لە پارێزگا و شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا مۆڵەتییان پێنەدراوە، بۆ ئەوەی کە نەخۆشخانە دروست بکەن".
گوتیشی: "لە ساڵانی رابردوو، سێ وەبەرهێنەر داوای دروستکردنی نەخۆشخانەیەن کردبوو، دوای مۆڵەت پێدان لە ساڵی 2023 تەواو بوو، ئێستا ئەو سێ نەخۆشخانە تایبەتە، خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکەن".
لەماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 13 نەخۆشخانەی حکومی نوێ دروستکراون کە بەمەش ژمارەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 45 نەخۆشخانە، لە بواری دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان، هاوکات دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان بنکەی تەندروستی و تاقیگەی پزیشکی جۆراوجۆر بەشێکی دیکەی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بۆ پێشخستنی سێکتەری تەندروستی، 26 کارگەی ئۆکسجین دامەزرێندراون، بەمەش ژمارەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بوو بە 41 کارگە.
ئا: لاڤین عومەر