نرخی بەنزین لە تورکیا و باکووری کوردستان بەرزبووەوە

وێستگەیەکی گاز و بەنزین لە تورکیا (وێنە: AA)
وێستگەیەکی گاز و بەنزین لە تورکیا (وێنە: AA)

K24 - هەولێر

جارێکی دیکە نرخی بەنزین لە تورکیا و باکووری کوردستان بەرزبووەوە و، هیچ گۆڕانکارییەکیش لە نرخی گاز نەکراوە.

دوای ئەوەی رێژەی باج زیاد کرا و بەهای لیرەی تورکی بەهای خۆی لەدەستدا و دابەزی؛ بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-12-2023، نرخی بەنزین لە تورکیا و باکووری کوردستان بەرزبووەوە و یەک لیرە و 48 قروش بۆ سەر نرخی هەر لیترێک زیادکرا.

دوای بڕیارەکە، لیترێک بەنزین لە ئەنقەرە بۆ 35.17 لیرە کە دەکاتە دۆلارێک و 21 سەنت و لە دیاربەکری باکووری کوردستانیش بۆ 35.85 لیرە کە دەکاتە دۆلارێک و 23 سەنت بەرزبووەوە.

 هاوکات هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی گاز لە تورکیا و باکووری کوردستان نەکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لە تورکیا و باکووری کوردستان نرخی بەنزین سەدا 74 زیادیکردووە.

مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتە لوتکە و بەبەراورد لەگەڵ مانگی ئایار لەسەدا 80 زیادیکردبوو.