سەرۆکی جەهەپە بۆ ئەردۆغان: وەرە با پێکەوە بچینە فەڵەستین
K24 – هەولێر:
سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا سەردانی فەڵەستین دەکات و داوا دەکات ئەردۆغانیش لەگەڵیاندا بچێت و جەخت دەکاتەوە پاڵپشتیکردنی فەڵەستین تەنیا بە قسە و ئیدانەکردن نابێت.
رۆژی شەممە (23ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە گوتارێکیدا رایگهیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی فەڵەستین دەکات و داوای لە ئەردۆغان کرد ئەویش لەگەڵیاندا بێت.
ئۆزگور ئۆزەل گوتی: "پاڵپشتیکردنی فەڵەستین تەنیا بە قسە و ئیدانەکردن نابێت، بەڵکو بە کردار دەبێت. ئەگەر جددین، پێویستە گەمارۆ بخەنە سەر ئیسرائیل. لێرەوە جارێکی دیکە بانگەوازێک ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم، من بۆ پشتگیریکردنی دەوڵەت و دۆزی فەڵەستین، هەروەها بۆ راکێشانی سەرنجی جیهان بۆ ئەوێ، لە چەند رۆژی داهاتوو سەردانی فەڵەستین دەکەم".
ئۆزەل لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی ئەردۆغانی کرد گوتیشی: "ئەگەر بوێریت، لەگەڵ من و سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی دیکە دێیتە فەڵەستین".
رۆژی چوارشهممه (20ـی كانوونی یهكهمی 2023) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگهیاند، شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی و دهیان وڵاتی گهوره، دەستەوەستانن بەرامبەر هێرشە دڕندەکانی ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەکرد: "پشتیوان بەخوا ساڵی 2024 ساڵێک دەبێت کە ستەمکاران بە سزای رەوای خۆیان دەگەن و برینی ستەمدیدەکانیش له غهززه ساڕێژ دەبێت".