عێراق كه‌شتییه‌كانی سۆمه‌ر و ئه‌كه‌د بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ده‌كڕێت
K24 - هەولێر:
هه‌وڵه‌كان بۆ فراوانكردنی كه‌شتیگه‌لی گواستنه‌وی نه‌وتی عێراقی پێشوازیلێكراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دانانی كادری گونجاو و شیاو، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ژینگه و كه‌شی سیستماتیكی، پڕۆسه‌ی دووباره دامه‌زراندنه‌وه و پێكهێنانه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ی و خستنه‌ڕوو و روونكردنه‌وه‌ی پرسیاره‌كان سه‌باره‌ت به پڕۆژه هاوبه‌شه هه‌نووكه‌ییه‌كان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی به‌رپرسان.
په‌یمانگه‌ی واشنتۆن له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه‌شتیوانی یەکێکە لەو کەرتانهی کە عێراق دوای دەیان ساڵ لە ململانێکان هێشتا هەوڵی پێشکەوتنی دەدات. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی نەوتی عێراقی لەم دواییانەدا كه‌شتییه‌كی نوێی گواستنه‌وه‌ی بەرهەمە نەوتییەکانی بۆ كه‌شتی بچووکی خۆی زیاد کرد. کەشتییەکانی زیاتر لە ناو ئاوەکانی عێراقدا کار دەکەن و لە دوو بەندەری باشووری وڵاتەوە سووتەمەنی قورس دەگوازنەوە.
ئه‌و په‌یمانگه‌یه باسی له‌وه كردووه، کەشتی "سۆمەر" لە مانگی ئەیلوولی ئه‌مساڵدا گەیشتووه‌تە عێراق، كه کەشتییەکی مەودای مامناوەندە و توانای هه‌ڵگرتنی 31 هەزار تۆنی هه‌یه و لە چین دروست کراوە. له‌لایه‌كی دیكه‌وه بڕیارە کۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی نەوتی عێراق، کەشتییەکی هاوشێوە به ناوی "ئه‌كه‌د" وەربگرێت و لەلایەن هەمان کۆمپانیای کەشتیسازییەوە دروست كراوه و لە 1ـی کانوونی یه‌كه‌می 2023ـوه بەرەو بەسرە بەڕێكهوتووه و تا ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته جێی مه‌به‌ست. کۆمپانیا عێراقییەکە وێنەی ئەو کەشتییە نوێیانەی گرتووە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ دووبارە دروستکردنەوەی كه‌شتیگه‌لی کە پێشتر لە زیاتر لە 20 كه‌شتی پێکهاتبوو، بەڵام هێشتا بەربەستی گەورە لەبەردەم خواسته‌كانی دایه و هه‌وڵی فراوانكردنی ئه‌و خواسته‌ی ده‌دات و مه‌به‌ستیه‌تی به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كاندا زاڵ بێت.
راپۆرته‌كه تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌شتیگه‌لی "كۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراقی" ساڵانێکە تەنیا ژمارەیەکی کەمی کەشتی بچووکی لەخۆگرتووە، کە ده‌توانن 13 هه‌زار بۆ 31 هه‌زار تۆن هه‌ڵبگرن. كۆمپانیای ده‌وڵه‌ت له ساڵی 2020ـدا بۆ گۆڕینی بارودۆخه‌كه گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "پاتسێرڤیس ماندەل"ـی نەرویژی واژۆ کرد بۆ دروستکردنی هه‌ردوو كه‌شتی "سومەر" و "ئه‌كه‌د". بەرپرسانی عێراقی ئەم رێوشوێنەیان بە هەنگاوێک بۆ زیندووکردنەوەی ئەو رۆڵە ناو برد کە کۆمپانیاکە پێشتر بینیبووی، بەتایبەتی پێش لەشکرکێشی سوپای عێراق بۆ سەر کوێت لە ساڵی 1990ـدا.
په‌یمانگه‌ی واشنتۆن نووسیویه‌تی، رۆڵی کۆمپانیای گواستنه‌وه نەوتییەکانی عێراق له ئێستادا سنووردارە بە گواستنەوەی سووتەمەنی قورس لە بەندەرەکانی خۆر، زوبەیر و ئوم قەسرەوە بۆ كه‌شتییه‌كان کە وەک "عەمبارکردنی ئاوی" لە کەناراوەکانی باشووری عێراق کار دەکەن. ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە پێویست دادەنرێت، چونکە نەوتهەڵگرە قووڵ و گەورە دەریاییهکان ناتوانن بگەنە ئەو نۆكه‌نده ئاوییە به‌رتەسک و قووڵە کە هەردوو بەندەرەکە بە ناوچەی کەنداوەوە دەبەستێتەوە. هەروەها دامەزراوە حکومییەکانی دیکەش بۆ هەمان مەبەست کەشتی نەوتهەڵگری بەکرێگیراو بەڕێوەدەبەن. بۆ نموونە ده‌سته‌ی گشتی بەبازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ" تەندەری راگه‌یاندووه بۆ کەشتییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی.
نەوتی سووتەمەنی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن پاڵاوگە چینییەكانهوە خواستی له‌سه‌ره، چونکە دەتوانرێت لە پاڵاوگە ئاڵۆزەکاندا چاره‌سه‌ر بکرێت بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی بەهایهكی بەرزتر، بۆ نموونه وه‌ك بەنزین. ئەو بەرهەمە نەوتییە لە وڵاتانی ئاسیا و ئەمەریکا و چەند شوێنێکی دیکە دەفرۆشرێت. هەروەها لە ڕێگەی ناوەندی بازرگانی ئیماراتی لە شاری فوجەیرە هەناردە دەکرێت.
پێشتر عەلی قەیس، سەرۆکی کۆمپانیای كه‌شتی گواستنه‌وه‌ی نەوتی عێراق رایگه‌یاندبوو، ئامانجی گرنگیان هه‌یه بۆ فراوانكردنی كه‌شتی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراقی و گەڕاندنەوەی ئەم کۆمپانیایه زەبەلاحە بۆ ئەوەی بگاته ئاستی پێشووی خۆی و هاوتای وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی لێ بكه‌نه‌وه.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی په‌یمانگه‌ی واشنتۆن ره‌نگه مه‌به‌ستی عه‌لی قه‌یس له ئاستی عێراق بێت له سه‌ره‌تاكانی ساڵانی حه‌فتای سه‌ده‌ی بیسته‌م کە گواستنەوەی نەوت لە عێراقدا لەگەڵ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو‌دا بە نیشتیمانی کرا. پێش ساڵی 1972 کۆمپانیای نەوتی عێراق و هاوپه‌یمانییه‌ك کە کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم، ئێکسۆ‌ن، مۆبیل و کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی لەخۆگرتبوو، توانیبوویان کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر بەرهەمهێنانی نەوتدا بكه‌ن.
کەشتیی "رومەیلە" یەکەمین کەشتی نەوتهەڵگری عێراق بوو، کە نەوتی خاوی "بەرهەمهێنراوی ناوخۆ"ـی هەڵگرتبوو، هەروەها یەکەم گەشتی خۆیدا لە مانگی نیسانی ساڵی 1972 دەستیپێکرد. بەگوێرەی وەزارەتی راگەیاندنی عێراق لەو کاتەدا "کۆمپانیای نەوتهەڵگری عێراقی" بووە وەک لقێکی "کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق". ئاماژه به‌وه ده‌كرێت تاوه‌كوو ساڵی 1977 کۆمپانیاکە بەنیازی بەدەستهێنانی كه‌شتی گەورەی نەوتی خاو بوو کە توانای هه‌ڵگرتنی 350 هەزار تۆنیان هەبوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هەشت كه‌شتی لەو جۆرە لە ژاپۆن و سویدەوە داواکرابوون. دوای دە ساڵ کۆمپانیای كه‌شتی نەوتی عێراق زیاتر لە 20 كه‌شتی له‌و شێوه‌یه‌ی كار پێ كرد.
مایه‌ی سه‌رنجه جه‌نگه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتان له ماوه‌ی زیاتر له په‌نجا ساڵی رابردوودا به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئێران و كوێت، كه‌شتییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتیان له‌ناو بردووه و ئاماژه به‌وه ده‌كرێن دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی عێراق – كوێت له ساڵی 1991ـدا، سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌شتییانه یان لە بەندەرەکانی جیهان جێهێڵراون یان بە سکڕاپ فرۆشراون.