حەماس داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکات لەسەر کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل
K24 - هەولێر
بزووتنەوەی حەماس لەسەر تاوانی لە سێدارەدانی مەیدانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکات، پشتڕاستیکردەوە کە لە سەرەتای شەڕەوە لانیکەم 137 لەسێدارەدان تۆمارکراوە.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە رایگەیاند، گوتەی لە شایەتحاڵەکان وەرگرتووە، کە "سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 137 کەسی سڤیلی فەڵەستینی لە غەززە و پارێزگاکانی باکوور لە سێدارەداوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "سوپای ئیسرائیل چەند چاڵێکی گەورەی هەڵکەندووە و دەیان هاووڵاتی فەڵەستینیان بە زیندووی هاوێشتووەتە ناو چاڵەکە، پاشان راستەوخۆ تەقەیان لێکردوون، دواتریش بە بولدۆزەر خۆڵیان بەسەردا کردوون".
بۆیە بزووتنەوەی حەماس داوای کردووە، "تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داگیرکاری و لەسێدارەدانی مەیدانی پێکبهێنرێت".
لە 7ـی ئۆکتۆبەر شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل سەریهەڵدا، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 500 ئیسرائیلی کوژراون، هەروەها زیاتر لە 20 هەزار فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 50 هەزاریش بریندارن.