فه‌وزی هه‌ریری: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەکرێت
K24 - هەولێر
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەکرێت و هیچ کۆسێک لە بەردەم بەڕێوەچوونیدا نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25-12-2023، فه‌وزی هه‌ریری، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ كۆسپێك له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنەکەدا نییە و له کاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌دەچێت.
بڕیارە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.
هەریری گوتی، "حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەیوەندیدان. زیاتر ئەرکی حکومەتە ئامادەکاریی بۆ رێوشوێنەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات. ئەرکی کۆمیسیۆن سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکەیە".
رۆژی یەکشەممە، 03-12-2023، دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023 دواخرا.
سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی ئەو سکاڵایەی دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، ده‌كه‌ن "تاوەکو ئه‌م پرسه یه‌كلایی ببێته‌وه".
ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێک‌بێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.