دێربی راپەڕین لە ئێستاوە گڕی گرت
لە گەڕی دوازدەیەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، یاریی لوتكە لە دێربی راپەڕین لە نێوان چوارقوڕنە و رانیە بەڕێوەدەچێت، بەیەكگەیشتنی ئەم دوو یانەیە یەكەمجارە لە مێژووی خولی نایابی كوردستان روودەدات، كوردستان24 رووماڵی یاریی دێربی راپەڕین دەكات و لە سۆشیاڵ میدیا بە كۆمێنتاری قەرەناوی یارییەكە دەگوازێتەوە و هەر ئەمڕۆ 3 یاریی دیكەش دەكرێن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بە دیاریكراوی لە كاتژمێر 14:00 بە كاتی هەولێر لە یاریی دێربی راپەڕین چوارقوڕنە میوانداریی رانیەی دراوسێی دەكات، چوارقوڕنە بە كۆكردنەوەی 19 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولی نایاب دێت، لەبەرامبەردا رانیە بە 15 خاڵ خانەی حەوتەمی ریزبەندی گرتووە.
لە یاریی دێربی راپەڕین سەفین ئەمین و ئاگرین مەلائاری لە یانەی چوارقوڕنە رووبەڕووی دوو برایان دەبنەوە كە لە یانەی رانیە یاریی دەكەن ئەوانیش مستەفا ئەمین كە بە حەمە یادە ناسراوە لەگەڵ ماردین مەلائاری.
لە لایەكی دیكەیشەوە هەر ئەمڕۆ لە خولی نایابی كوردستان هەندرێن بۆ رووبەڕبوونەوەی شێروانە گەشتی كەلاری كردووە، ئارارات و زاخۆش لە بەرزاییەكانی پیرمام بەیەك دەگەن، دهۆكیش رێگەی دووری بڕیوە و بۆ رووبەڕبوونەوەی سیروانی نوێ سەردانی سلێمانی كردووە.
سەرجەم یارییەكانی ئەمڕۆی خولی نایابی كوردستان لە سۆشیاڵ میدیای كوردستان24 راستەوخۆ دەگوازرێنەوە.


