سەرچاوەیەکی ئەمنی: سێ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە سەر گرووپە چەکدارەکان

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی رایگەیاندووە، پێگەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەی ئەلبوکەمال لە سووریا، لە رێگەی سێ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومان کراوە.

ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی عیراقی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە حورەی راگەیاند، "لە ئەلبوکەمالی سووریا سێ هێرش لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان، کە  لە ئەنجامدا هەشت بارهەڵگر لەناوبران کە لە دیوی عێراقەوە چونەتە دیوی سووریا".

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا لە بۆردومانەکەدا زیانە گیانییەکان ئاشکرا نەکراوە، هەروەها هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانەدا رانەگەیاندووە، کە لە چوارچێوەی گرژییەکانی ناوچەکەدا و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەززە هێرشەکان زیاد بووە.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، سوپای ئەمەریکا سێ شوێنی لە عێراق بۆردومانکردووە کە لەلایەن گرووپەکانی لایەنگری ئێرانەوە بەکارهێنراون، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشی گرووپەکان بۆسەر بکەی ئەمەریکییەکان بوو کە سێ سەربازی ئەمەریکی برینداربوون و برینی یەکێکیان سەخت بوو.

هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەرەوە رووبەرووی دەیان هێرش بوونەتەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو گرژییە ناوچەییە کە بەهۆی شەڕی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا روویداوە.

بەپێی گوتەی بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکی، لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا 103 هێرش لە عێراق و سووریا کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.