لاڤرۆڤ: کوشتنی هاووڵاتییان و منداڵانی فەڵەستین بە شێوەیەکی دڕندانە بێپاساوە

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە کردەوەکانی نایاساییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە مایەیی ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە، دەشڵێت، سەپاندنەوەی سزاکان سەر ئێران نایاسایین، هەروەها جەختیشی لەوە دەکاتەوە ئامادەنە گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا دابین بکەن.
شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەڕای ئەوەی ئیدانەی هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کرد، بەڵام گوتی: هیچ بیانوویەک بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی فەڵەستین، منداڵان، بۆمببارانکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، برسیکردنی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی دڕندانە نییە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا باسیشی لەوە کرد، ئیسرائیل هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، "بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی فەڵەستینییەکان و کردەوە دوژمنکارییەکانی دژی ئێران، قەتەر، یەمەن، لوبنان، سووریا و عێراق، هەڕەشەیە بۆ "گڕ بەردانی" تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ."
هەروەها لەبارەی ددانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین ئاماژەی دا، "ئەمڕۆ ئێمە بە شێوەیەکی توند ڕووبەڕووی هەوڵێکی کودەتا بووینەتەوە بۆ پەکخستنی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی."
لاڤرۆڤ، لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لە سناپباکی ئێران کرد و ئاماژەی دا، هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەپاندنەوەی سزاکان سەر ئێران نایاسایین گوتیشی:"ڕەتکردنەوەی هەوڵێکی ڕووسیا بۆ درێژکردنەوەی وادەی سەپاندنی سزاکان، سیاسەتی ڕۆژئاوای بۆ تێکدانی هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەری دیپلۆماسی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرخست.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی نیگەرانییەکان ئەورووپا بۆ هێرشکردنە سەریان دووپاتی کردەوە، "ڕووسیا هیچ نیازێکی نییە، هێرش بکاتە سەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا، بەڵام مۆسکۆ ڕووبەڕووی هەر هێرشێک دەبێتەوە و وەڵامێکی گونجاوەی دەدەینەوە، دەشڵێت: "ئەم نیگەرانییانە بێ بنەمان و هەر وەکوو پوتن چەندین جار ڕەتی کردووەتەوە."
هەروەها لاڤرۆڤ جەختیشی لەوە کردەوە، ئامادەن گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا دابین بکەن.