لە بۆردومانێکی سوپای سوودان دا زیاتر لە 100 کەس کوژران و بریندار بوون

K24 - هەولێر

فڕۆکە جەنگییەکانی سوودان زیاتر لە 100 هاووڵاتی مەدەنی لە شاری نیالا کە پایتەختی ویلایەتی دارفورە و لەلایەن هێزەکانی پاڵپشتی خێرا کۆنتڕۆڵ کراوە کوشت و بریندار کرد.

شایەتحاڵەکانی رووداوەکە رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سوودان گەڕەکەکانی "ریاز و مەسانع وئەلموستەقبەل و ئەلسەلام و خەرتوم"و بارەگای فیرقەی 16 لە شاری نیالا بۆردومان کردووە و زیانێکی زۆریان گەیاندووە.

تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێک لە ژمارەی کوژراو و بریندارەکاندا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایانگەیاندووە، کە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان 118 کەسییان تێپەڕاندووە،

هەروەها چالاکوانان لە سۆشیال میدیا ڤیدیۆ و وێنەی تەرمی ژنان و منداڵان و پیاوانیان بڵاوکردەوە، کە دەڵێن لە هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی سوپای سوودان کوژراون، دەشڵێن: فڕۆکەکانی "ئەنتۆنۆڤ" دەیان بەرمیلی تەقینەوەیان لە گەڕەکەکانی شارەکەدا بەکارهێناوە، کە لە یەکێک لە گەورەترین هێرشە ئاسمانییەکانەوە لەلایەن سوپای سوودانەوە ئەنجامدراوە.

لە لایەکی دیکەوە گروپەکانی "ئخوان موسلیمین" لە ویلایەتی باکووری وڵات ڤیدیۆی سەدان پیاوی مەدەنی بڵاوکردەوە، کە چەکیان کۆکردەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ پشتیوانی لە سوپای سوودان".

فەرمانڕەوای ویلایەتی رووباری نیل محەمەد ئەلبەدەوی 72 کاتژمێری دا بە ئۆپۆزسیۆن تا ویلایەتەکە بەجێبهێڵن و گوتی " پەیامێک بنێرە بۆ هەر خیانەتکارێک، هەر بریکارێک، هەر هاوکارێکی یاخیبوو یان تاوانبارێک کە باشترە بۆی پێش کۆتایی سێ رۆژەکە بڕوات، هەر کەسێک گوێی لە قسەکانم بێت، دەبێت جانتاکەی ئامادە بکات و دەستبەجێ لە ویلایەتەکە بچێتە دەرەوە".

لەم کاتەدا هەواڵگری سەربازی سوپای سوودان هەڵمەتەکانی هەڵکوتانە سەر و دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە، لەو ماوەیەدا ژمارەیەک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کارمەندانی مرۆیی، کادری حزبە سیاسییەکان، ئەو چالاکوانانەی شەڕەکە رەتدەکەنەوە.

لەوەتەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، دەستیان بەسەر شاری وەد مەدەنی گرتووە، لایەنگرانی رژێمی بەشیر هەوڵیان دا کۆمەڵگا مەدەنی و خێڵەکییەکان کۆبکەنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

لە 15ـی نیسانی رابردوو، شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا کە هەزاران کەس کوژراون و بتیندار بوون زیاتر لە حەفت ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.