ناتانیاهۆ: شەڕ لە کەرتی غەززە ئاڵۆزە و سەردەکەوین

بنیامین ناتانیاهۆ
بنیامین ناتانیاهۆ

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایده‌گه‌یه‌نێت، شەڕ لە غەززە کات دەخایەنێت و دژایەتی وڵاتەکەی بۆ ئێران دووپات دەکاتەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل له‌میانه‌ی گوتارێكی ته‌له‌ڤزیۆنی رایگەیاند، شەڕ لە کەرتی غەززە ئاڵۆزە و وڵاتەکەی سەردەکەوێت، بەڵام بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن پێویستییان بە کاتێکی زیاترە.

ئاماژەی  بەوەشدا، ئێران سەرکردایەتی بەرەی شەڕانگێزی دەکات و ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستێتەوە.

گوتیشی: "نابێت رێگە بدرێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت".

ناتانیاهۆ ئاشکراشی دەکات، ئەگەر حزبوڵڵای لوبنان شەڕ فراوانبکات، ئیسرائیل بەشێوەیەک گورزی لێدەوەشێنێت کە هاوشێوەی نەبووە.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 30ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین رایگه‌یاند، تادێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتدا وه‌رزی زستان زه‌حمه‌تی زیاتری بۆ خه‌ڵكی كه‌رته‌كه‌ دروستكردووه‌ و برسییه‌تی زۆریش رووبه‌ڕووی دانیشتووان بووه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 21 هه‌زار و 672 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته‌ 56 هه‌زار و 165 كه‌س.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا 165 كه‌س كوژراون و 250ـی دیكه‌یش بریندار بوونه‌.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

هه‌روه‌ها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئه‌م ساڵه‌وه‌ تا ئێستا زياتر له‌ 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.