کۆریای باکوور سێ مانگی دەستکردی سیخوڕی هەڵدەدات

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، پیۆنگیانگ بەنیازە لە ساڵی 2024دا سێ مانگی دەستکردی سیخوڕی دیکە هەڵبدات بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند، " لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەمساڵی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار، بڕیاردرا بە هەڵدانی سێ مانگی دەستکردی سیخوڕیی لە ساڵی 2024دا، ئەمەش وەک یەکێک لە بڕیارە سیاسییە سەرەکییەکانی ساڵی داهاتوو هەژماردەکرێت".

هەر بەگوێرەی ئاژانسەکە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور رایگەیاندووە، خواستی ئاشتەوایی یان یەکگرتنەوە لەگەڵ کۆریای باشوور "هەڵەیە".

لە میانی کۆبوونەوەی کۆتایی ساڵی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار، کیم گوتی: "من پێموایە لەبەرچاوگرتنی ئەو کەسانەی کە ئێمە بە خراپترین دوژمن وەسف دەکەن، وەک ئەوەی ئێمە بەدوای ئاشتەوایی و یەکگرتوویی لەگەڵیاندا دەگەڕێین، هەڵەیە کە نابێت دووبارەی بکەینەوە".

پێشتر سەرۆکی کۆریای باکوور رایگەیاندبوو، ساڵی 2023، ساڵێکی گرنگ بوو بۆ وەرچەرخان و گەشەپێدان و بەهێزبوونی وڵاتەکە لە رووی نیشاندانی هێز و بنیاتنانی سۆسیالیستی و چاکسازییەوە.

گوتیشی: "پێویستە چالاکی و گەشەپێدانی هەمەلایەنە هەبێت، و ئاماژەی بەو دەستکەوتانەش کرد لە بوارەکانی رۆشنبیری و زانستدا بەدەست هاتوون، وەک: پەروەردە، تەندروستی، گەشەپێدان و وەرزش، هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە نوێیانەی کرد کە لە بوارەکانی سیاسەت و بەرگری و دیپلۆماسی بەدەست هاتوون".

هەروەها مانگی تەمموزی ساڵی رابردووش مووشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەری (هواسۆنگ-18) بە سەرکەوتوویی هەڵدرا و بۆ ماوەی 74 خولەک لە ئاسماندا فڕی، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە بۆ مووشەکێکی بالیستیکی نێوان کیشوەرەکان کە لە کۆریای باکوور پەرەی پێدراوە.