ئیسرائیل حەمامێکی مێژوویی بۆردومانکرد
K24 - هەولێر
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی"سی ئێن ئێن" سوپای ئیسرائیل حەمامێکی بۆردومان کردووە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان.
سەلیم وەزیر، خاوەنی حەمامەکە رایگەیاند، حەمامی سەمرە، لە گەڕەکی زەیتون لە باکووری غەززە، کە لە سەدەی چواردەی زایینی دروستکراوە، و تاکە حەمامێکی گشتی بووە لە کەرتی غەززە، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە 15ی کانوونی یەکەم وێران بووە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، پێشتر لەو باڵەخانەیە ئاماژەمان پێدابوو، تونێلی حەماس تێدابووە، سوپای ئیسرائیلیش بە بەکارهێنانی تەقەمەنی بۆردومانی کردووە.
خاوەنی حەمامەکە گوتیشی: "لە ساڵی 1999ـەوە هەموو ساڵێک لە مانگی رەمەزاندا حەمامەکە نۆژەنکراوەتەوە، هیوا دەخوازم رۆژێک بتوانم حەمامەکە دووبارە نۆژەن بکەمەوە.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
ههروهها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە تا ئێستا زياتر له 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

ئا: لاڤین عومەر