میسر گەشتکردن لەو کەسانە قەدەغە دەکات کە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە
K24 - هەولێر
کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانی میسر، رایگەیاند، لە ساڵی داهاتوو، رێنماییەکانی قەدەغەی گەشتکردن بۆ ئەو کەسانەی تەمەنییان لە خوار 18 ساڵیەوەیە جێ بەجێ دەکات.
کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانی میسر لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرت و کۆچ، بۆ هەموو هێڵە ئاسمانییەکان کە لە میسر کاردەکەن، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2024 بڕیاری ئەوە دراوە کە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ رێگەیان پێنادرێت گەشت بۆ دەرەوەی میسر بکەن بەبێ دایک و باوکیان.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر هەرکەسێکی خوار 18 ساڵ ویستی بەتەنیا گەشت بکات دەبێت مۆڵەتی پێشوەختە لە بەشی پەیوەندییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسەپۆرت و کۆچ وەربگرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەبارەت بەو تیمە وەرزشییانەی کە رەزامەندی وەزارەتی وەرزش و لاوانیان هەیە، دەتوانن گەشت بکەن بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە لە بەشی پەیوەندییەکان، لە کاتێکدا تیمە وەرزشییەکان دەبێت پێشتر مۆڵەتی بەشی پەیوەندی وەربگرن."