میسال ئالوسی: ئەمەریکا لە عێراق ناکشێتەوە
K24 - هەولێر
میسال ئالوسی، کەسایەتی سیاسیی و ئهندامی پێشووی پهرلهمانی عێراق رایگەیاند: ئەمەریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێناهێڵێت، بەتایبەت عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی2024، میسال ئالوسی بە کوردستان24ـی گوت: "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لای ئەمەریکا ناوچەیەکی گرنگە، نەک تەنیا بەهۆی وزەکەی، بەڵکو بەهۆی کولتوور و بەرژەوەندییەکانیشەوە لەگەڵ وڵاتانی چین، رووسیا، ئەوروپی و وڵاتانی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست".
گوتیشی: "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیدارترین ناوچەیە بۆ چالاکی تیرۆریستی سوننە و شیعە، هەروەها توندڕەوەکان، کە بوونەتە هۆی دڵەڕاوکێ و نائارامی نێودەوڵەتی، ئینجا گەرووی باب مەندەب بێت یان شوێنێکی دیکە، کە رەوتی ئابووریی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵ بکات، وزە بێت یاخود بازرگانی لەسەر ئاستی جیهاندا".
ئالوسی، راشیگەیاند: "ئەمەریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێناهێڵێت، بە تایبەت عێراق، گەر بێت و ناوچەکە بەجێبهێڵن واتا رادەستبوونی ئەمەریکا لە بەرامبەر تیرۆری سوننە و شیعە و لە بەرامبەر تیرۆری سوپای پاسدارانی ئێران و لە بەرامبەر دەرنەچوونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی عێراق، رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەیە، لەنێوان ئێران و حکومەتی مالیکی و بە سەرکردایەتی مالیکی ئەنجامیادراوە، ئەمەش لەلایەن عێراق و ئەمەریکا پشتڕاست کراوەتەوە".
سەبارەت بە رۆڵی پەرلەمان و حکومەت، میسال ئالوسی دەشڵێ: "پەرلەمان و حکومەت دەسەڵاتی دادوەری، کەسانێکن تەنیا نوێنەرایەتی بەشێکی دیاریکراوی شیعە دەکەن، بەڵام دەسەڵاتی تەواویشان نییە، دادگای فیدراڵیش تەنها نوێنەرایەتی چوارچێوەیەکی دیاریکراو دەکات لە عێراق، ئەویش لایەنی میلیشیاکان و لایەنە سیاسییەکانی ئێران، کە پشتگیر لە حەماس، رژێمی سووریا، حزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێران دەکات، هەرچەندە ناتوانن دەستبەرن بۆ رێککەوتنەکانی حکومەت لەنێوان لایەن سیاسییەکانی عێراق کە کورد و شیعە یان لایەنەکانی دیکەی کراوە".
ئالوسی، ئەوەشی خستەڕوو: "لایەنە شیعەکان خۆیان لەسەر دەرچوونی ئەمەریکییەکان کۆک نین، هەندێکیان مەیل و ئاڕاستەی ئێرانیان لە گوتاری سیاسی دیاریکراو لە عێراقدا هەیە، بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانیش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، هەروەها بڕینی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، بڕیاری عێراق نییە، بەڵکو بڕیارێکە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە، کە نوێنەرایەتی توندڕەوەکان دەکات، و ئەوانەی لە عێراق چەک هەڵدەگرن، بۆ دەرکردنی ئەمەریکا، هەموویان لە رێگەی سیاسەتی ئێرانەوە بڕیاردەدەن، چونکە رێبازەکەیان بووە بە رێبازێکی ئێرانی لە عێراق و ناوچەکەدا".
گوتیشی: "رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا، ئەمە بەشێک نەبوون لە بڕیاری دەستووری عێراق، یاخود کۆدەنگی سیاسی حکومەتی عێراق، بەڵکو ئەجندای دەرەکییە، بەشێکی لە سیاسییەکانی عێراق پابەندبوون بە بڕیاری جێگرەوەکانی هەندێک وڵات لە عێراق، ئەمەریکاش درک بەوە دەکات و ئەرکی بەرپرسیارێتی ئەمەریکا ئێستا پاراستنی سیستەمی سیاسی عێراقە".
ئا: لاڤین عومەر