رێکارەکانی ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان
K24 – هەولێر:
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کارکردن بە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 بۆ مانگی کانوونی دووەم، هەرێمی کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 578 ملیۆن و 29 هەزار دینار پارەدار دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە (14ـی کانوونی دووەمی 2024) باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کارکردن بە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 و بە گوێرەی خەرجی راستەقینە بۆ مانگی کانوونی دووەم، هەرێمی کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 578 ملیۆن و 29 هەزار دینار پارەدار دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە چوارچێویەی کارنامەی حکومەت بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، ئەنجومەنی وەزیران بڕی قەرزی سندووقی نیشتەجێبوونی عێراقی بۆ سوودمەندبووان زیادکرد، بۆ ئەو یەکانەی لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی و نیشتەجێبوون درووستدەکرێن".
لەلای خۆیەوە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند پرسێکی زۆر گرنگ و پەیوەستدار بە شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، یەکەمیان هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ساڵی 2024 لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە مووچەی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە لە بودجەدا جیا بکرێتەوە، بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە، بەڵام ئەم پرسە لەنێو کۆبوونەوە باس نەکرا.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بەوە کرد، کە لێژنەیەک پێکهێندراوە کە پێکهاتووە لە هەر یەکە لە وەزیرانی دارایی، نەوت و پلاندانانی عێراق، بۆ ئەوەی رەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسیا بودجەی 2024 ئامادە بکەن و بیهێننە نێو کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران و دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق لەوێشەوە پەسەند بکرێت.
شڤان جەباری، لەبارەی ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: بڕیاردرا لە چوارچێوەی خەرجی راستەقینە لە بودجەی حکومەتی فیدراڵیدا مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت و جارێکیە دیکە هەرێم نەکەوێتە ژێرباری قەرزێکی دیکە.
گوتیشی: هەر لەم چوارچێوەیەشدا ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ مانگی یەک نابێت، بەڵکو بۆ مانگەکانی دیکەش ناردنی ئەم بڕە پارەیە بۆ مانگەکانی دیکەش بەردەوامی دەبێت تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (18ی کانوونی دووەمی 2024)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کۆبویەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەنێو ئەو بڕیارانەش پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و بڕیاری لەسەر درا کە، بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار 578 ملیۆن و 29 هەزار بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024ی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
هەفتەی رابردووش، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق داوایان کردووە، بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024، لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە جیاکردنەوەی خەرجی راستەقینە لە مووچەی فەرمانبەران، هاوکات مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بودجەی (حاکیمە).
