عەلی رەشید: ئەوانەی هەوڵدەدەن لە بەهای پرۆژە خزمەتگوزارییەکان کەمبکەنەوە، هەوڵیان بێ سوودە

عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر

K24-هەولێر:

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، پرۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تەواوی سێکتەرەکانی ژیانی گرتۆتەوە، ئەوانەی دڵگران کردووە کە بە پلانی هەرێمی و ناوخۆیی دەیانەوێت کارنامەکانی ئەو کابینە پڕ لە خزمەتگوزارییە بووەستێنن.

ئەمڕۆ یەکشەممە(14ی کانوونی دووەمی 2024)،عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: کابینەی نۆیەم هەوڵ و کۆشیی خۆی چڕکردۆتەوە بە شەفافیەت کار بکات، خزمەتگوزارییەکان بە باشترین شێوە بگەیەنێت، گەندەڵی بنبڕ بکات، لەگەڵ ئەوەش ژێرخانی ئابووری دروستبکات، بەڵام هەندێک بە پیلانی ناوخۆیی و هەرێمی دەیانەوێت ئەو هەموو پرۆژەیە بگۆڕن بە پرۆژەی بچووکتر، وەک دانانی کامیرای خاڵ بۆ خاڵ، دەڵێت: ئەوان ویستیان پرۆژەکە کەم بایەخ بکەن بەوەی، دامەزراوەکان دەیانەوێت خەڵک بکەن بە کرێچیی خۆیان، بەڵام ئێستا دەڵێن بەهۆی ئەو کامیرانەیە کە رێژەی رووداوەکانی هاتوچۆ کەم بوونەتەوە، هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ کەمکردنەوەیە لەو کار و پرۆژە خزمەتگوزاریانەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەری رۆژ بە بێژینگ ناگیرێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، کە شارەوانی داوا لە خەڵکی دەکات زێدەڕۆیی سەر شەقامەکان هەڵگرن، لەبەر ئەوەیە شەقامەکان موڵکی گشتیی و خەڵکە، ئەوە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانە، گرووپێک دروستبووە  دانیشتوون هاندەدات بۆ ئەوەی کارە جوانەکان ناشرین بکەن.

عەلی رەشید دەڵێت: سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی کەسێکی پلان داڕێژەر بووە، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی دەکاتەوە، نایەوێت ئەو کارنامەیە لە رێگە و رێچکەی خۆی لا بدات، ئەوانەی دڵیان بەو کار و پرۆژە باشانە خۆش نییە، دەیانەوێت ئەو کابینەیە لەو کارنامەیە لا بدات و جێبەجیی نەکات.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات،هەوڵێکی هەرێمی و ناوخۆیی هەیە دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە، ئەوان دەیانەوێت لە رۆژە تاریکەکان ئامانجەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، کە وای لێهات ئەوان دەستیان هەبێت لەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان دەریدەکرد، بۆیە پێویستە ئێمە لە گەیاندنی ئەو پرۆژە خزمەتگوزاریانە بەردەوام بین کە ئەوان دەیانەوێت ئەو پرۆژانە نەگەن.

ئەوان ترسیان لەوە هەیە کە پرۆژە خزمەتگوزراییەکان بەوشێوەیە بگاتە خەڵک، دەنگەکانیان لە هەڵبژاردن کەم دەکاتەوە بە رێژەیەکی زۆر، ئەوان کە بەشدارن لە حکومەت و پرۆسە سیاسیەکە، خۆیان لەناو ئەو سەرکەوتنانەی حکومەتتدا نابیینەوە، لە هەرزانکردنی نان و سەموون قەڵس دەبن چونکە بۆ خەڵکە، کە غاز و ئارد و پێداویستی دیکە بۆ نانەواخەنەکان و سەموونخانەکان دابیندەکرێت، سوودی بۆ خەڵک و کاسبکارانە، بەڵام ئەوان دژی ئەو پرۆژانەن.

Fly Erbil Advertisment