رێژەی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان زیادیکردووە؛ "دۆخی ژیانمان سەخت بووە"

K24 - هەولێر
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، رێژەی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان زیادیکردووە. لە مانگی تشرینی دووەمی 2023دا، هێزی کار بەراورد بە مانگی پێشوو 122 هەزار کەس کەمیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 34 ملیۆن کەس.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023 هێزی کار بە بەراورد بە مانگی پێشوو 122 هەزار کەس کەمیکردووە و گەیشتووەتە 34 ملیۆن و 726 هەزار کەس. هەروەها ڕێژەی بەشداریی هێزی کاریش 0.2 خاڵ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 52.9%. بەشێکی هاووڵاتییانیش سەڕەرای ئەوی بە مووچەیەکی کەم کار دەکەن، بەشێکی مووچەکەیان دەدن بە باجی حکومەت.
ئەردەم هالێن، کرێکارە و دەڵێت: "بێکاری زۆر بووە، هەمووان بێکار بوون. من ئێستا کاری دیلیڤەری دەکەم. ئەو 30 هەزار لیرەیەی وەریدەگرم بەشێکی دەدەم بە باج و سزا و بیمە. پێنج هەزاریش بۆ خەرجی ماتۆڕسکیلەکەم ، 10 هەزاریشی دەمێنێتەوە. بە 10 هەزار چی بکڕم؟ بیر لەو هاووڵاتییە بکەرەوە کە بە کەمترین مووچە کاردەکات و 3 منداڵی بچووک دەنێرێتە قوتابخانە، دەبێت چی بکات بۆ بژێوی ژیانی، هەڵاوسان شێتی کردووین ،هەر دەڵێن چاکی دەکەینەوە، بەڵام لە ژیانمدا دۆخی وا سەختم نەبینیوە".
لە تورکیا رێژەی دانەمەزراندن لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە بەراورد بە مانگی پێشوو 236 هەزار کەس کەمیکردووە و گەیشتووەتە 31 ملیۆن و 611 هەزار کەس، ڕێژەی دامەزراندنیش 0.4 خاڵ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 48.2%. ئەم ڕێژەیە 65.4% بۆ پیاوان و 31.3% بۆ ئافرەتان بووە. هاووڵاتییان جیاوازی نێوان مووچەی کرێکار و فەرمانبەرانی حکومی بە کێشەی سەرەکی بێکاری دەزانن.
سامی ئەرجان، هاووڵاتییەکی تورکییە و باس لەوە دەکات، "ئێستا فەرمانبەرێکی حکومی 50 هەزار لیرە مووچە وەردەگرێت. ئەگەر خێزانەکەشی کار بکات ئەوە 100 هەزار لیرەیان دەستدەکەوێت، ئەگەر 20 هەزار لیرە بۆ کرێی شوقەکەیان بدەن، هەر دەژین. بۆیە، پێموایە دابەشکردنێکی هەڵەی مووچە هەیە لە ناو هاووڵاتییاندا. کەواتە، لە کۆتاییدا، کرێکارەکە و ئەوانی کە خانەنشین کراون چەوسێندراوەتەوە. پێموایە ئەگەر ھاوسەنگتر پلان دابنرێت، ئەوکات رێژەی بێکاریش کەمتر دەبێتەوە".
بە گوێرەیی ئامارەکان زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەو شوێنانەی لە ساڵی 2023 بۆ کارکردن کرابوونەوە داخراون و 111 هەزار و 576 بازرگان و پیشەساز ڕووبەڕووی مایە پووچبوون بوونەتەوە. بەرزبوونەوەی و باج و بەرزکردنەوەی کەمترین حەقدەست یەکێکە لەو هوکارانەی کە رێژەی بێکاری زیادکردوە.