ئومێد خۆشناو بۆ کوردستان24: هەولێر ئارامە و هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە
 
                        K24 - هەولێر:
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەولێر ئارامە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەموو ئامادەکارییەك کراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەو هێرشانەی ئەمشەو کراونەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەولێر ئارامە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هەر حاڵەتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو و لەخزمەت هاووڵاتییان دەبن.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024)، لە شاری هەولێر چەند دەنگێکی گەورە بیسترا، بەپێی زانیارییەکان هێرشەکە مووشەکی بووە لە نزیك مەلا ئۆمەر و گوندی کەلەکین کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها تا ئێستا شوێنی ئاراستەکردنی مووشەکەکە نەزاندراوە، چەند شایەتحاڵیکێش بە کوردستان24یان راگەیاند، "چەند مووشەکێک لە ئاسماندا تەقێندراونەتەوە".