ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هێرشەکەی سەر هەولێر بێدەنگ نەبن

K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە و ئاشکرایکردووە، چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە.
رۆژی سێشممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، کە رەوشی تەندروستیی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای پاسداران رایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و رەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکاردێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک".
هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی هەرێم و عێراقە و پێویستە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن".
رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکی گواستووەتەوە، لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر هیچ ئەمەریکییەک لە ریزی قوربانییەکان نییە و هیچ بنکە و بارەگایەکی ئەمەریکاش لە هەولێر نەکراوەتە ئامانج.
لە راگەیەندراوێکدا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەولێر راگەیاند و ئاشکرایکردووە هێرشەکە بە مووشەکی بالیستی بووە.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەو هێرشانەی کە شەوی رابردوو کراونەتە سەر هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەولێر ئارامە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ هەر حاڵەتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو و لەخزمەت هاووڵاتییان دەبن.