پارتی: ئامانجی هێرشەکان پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە

هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر
هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر

K24 - هەولێر

مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و رایدەگەنێت ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجى تێکدانى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى پشێوییە و پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە.

لە راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە، بەداخێکى زۆرەوە، جارێکى دیکە کۆمارى ئیسلامى ئێران بە پاساوى بێ بنەما لەڕێگاى ژمارەیەک مووشەکى بالیستى و درۆنەوە هێرشى کردە سەر شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە زیانێکى زۆرى گیانى لێکەوتەوەو بووە هۆى شەهید و برینداربوونى ژمارەیەک هاووڵاتى سڤیل و ئافرەت و منداڵى بێ تاوان. ئەم هێرشە ناڕەوا و تاوانکارییە ئامانجى تێکدانى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى پشێوییە و پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرى هەرێمى کوردستان و عێراقە.

هەروەها ئاماژەیداوە، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەین، بەرامبەر ئەم دەستدرێژییەى کۆمارى ئیسلامى ئێران و پەلامارە چەندبارەکانی بوەستنەوە و رێگا لەم جۆرە کردەوە نامرۆڤانە و دوور لە عورفى هاوسێیەتییە بگرن و چیتر هاوڵاتیانى سەربەرزى کوردستان نەکرێنە ئامانجى مووشەک و درۆنەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و دەستوپێوەندەکانی.

 داواش لە حکومەتى فیدراڵ ئەرکى یاسایى و دەستوورى خۆى بۆ پاراستنى هاووڵاتیان و سەروەرى عێراق ئەنجامدات و چیتر وەکو پێشوو لە ئاست ئەو هێرش و دەستدرێژیانە بى هەڵوێست نەبێت.