ریچارد وایتز:  ئێران دەیەوێت بە  هێرشکردنە سەر هەولێر، بەخەڵکی وڵاتەکەی بڵێت رووبەرووی ئیسرائیل بوونەتەوە

ریچارد وایتز
ریچارد وایتز

K24-هەولێر:

بەرێوەبەری سەنتەری شیکاریی سیاسیی و سەربازیی لە پەیمانگای هیدسۆن ئاماژە بەوە دەکات، ئێران بە هێرشکردنە سەر هەولێر دەیەوێت بە خەڵکی وڵاتەکەی بڵێت، رووبەڕووی ئیسرائیک بۆتەوە، دەشڵێت، دەزانێت ناتوانێت وەڵامدانەوەی هەبێت، بۆیە لە بری ئیسرائیل و ئەمریکا  هێرش دەکاتە سەر هەولێر.

ئەمڕۆ سێشەممە(16ی کانوونی دووەمی 2024)،ریچارد وایتز بەرێوەبەری سەنتەری شیکاریی سیاسیی و سەربازیی لە پەیمانگای هیدسن بە کوردستان24ی راگەیاند: سوپای پاسدارانی ئێران، هەولێر وەکو ئامانجێکی ئاسان دەبینێت، دەزانێت لە رووی سەربازییەوە هیچ وەڵامدانەوەیەکی نابێت، بۆیە هێرشی دەکاتە سەر و، پاساوی پێشوەختەشی هەیە بۆ هێرشەکانی، زوو دەڵێت ئیسرائیل و موسادی لێبووە، لەگەڵ هەموو ئەو پاساوە بێ بنەمایانەی دیکە کە لێێ تێر بووین.

ریچارد وایتز دەڵێت: دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە، ئێران ترسی ئەوەی هەیە راستەخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکەوێتە شەڕ، بۆیە گرووپە چەکدارەکانی سەربەخۆی لە ناوچەکە بەکاردێنێت، دەیەوێت لەو رێگەیەوە بە ئیسرائیل بڵێت دەستی باڵای هەیە لە ناوچەکەدا، پێشی وایە لە هێرشەکەی بۆ سەر هەولێر، پەیامەکەیان بۆ کورد نییە، بەڵام کورد بەکاردێنن، دەیانەوێت فشار لەسەر حکومەتی عێراق دروستبکەن، لەو رێگەیەوە پەیامێک دەداتە خەڵکی خۆشی، بۆ ئەوەی بڵێت ئێمە رووبەڕووی ئیسرائیل دەبینەوە، هەر لەبەر ئەوەیە کورد بۆتە قوربانیی نەوەک ئامانج.

ئەو بەرێوەبەرەی سەنتەری شیکاریی سیاسی وسەربازیە لە ڤێرجینیا پێی وایە، کورد لە ئێرانەوە نزیکە، ئێران ناوێرێ هێرش بکاتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل، چونکە وەڵامدانەوەی سەربازیی توندی بەدوادادێت، بەڵام کورد میللەتێکی ئاشتیخوازە و ناتوانێت خۆی بپارێزێت، مووشەک و بەرگریی ئاسمانیی نییە، زۆر دڵنیایە لەوەی وەڵامدانەوەی نابێت، بۆیە هێرش دەکاتە سەر هەولێر.

دەڵێت: حکومەتی عێراق دەبێ زۆر چاڵاک بێت، فشارێک هەیە لەسەر عێراق بۆ ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەربکەن، بەڵام وەک سەرۆکوەزیران بارزانی گوتی: ئەوە نا سەقامگیریی زیاتر دەکات،نەوەک سەقامگیری لە عێراق دروستبکات، بۆیە لەوانەیە عێراق ناچار بکات ئەمریکا دەرنەکات، هەوڵەکانی ئێران ئەوەیە دەرفەت بداتە ئێرانییەکان پارەی زیاتر لە عێراق بدزن، سەروەت و سامانیان بدزن، بۆیە عێراق بەرپرسی یەکەمە.

دەشڵێت: ئەو حکومەتەی ئێستا هەیە دوو دڵە لەوەی رووبەڕووی ئێران ببێتەوە بەشیێوەیەکی راستەوخۆ،هەروەها ناتوانێت رووبەرووی گرووپە شیعیەکان ببێتەوە، چونکە پێیان وایە دووچاری کاردانەوە دەبن، بەڵام ئەمڕۆ هەنگاوێکی باشی ناوە  ئەو حکومەتە کە باڵیۆزی ئێرانی بانگ کردووە، لەوانەیە لەمەودوا هەنگاوەکانی توندتر بکات.

لەبارەی بەیاننامەکانی ئیدانەکردنەوەش، گوتی: ئیدانە کردن ناتوانێت هیچ بکات، ئەمریکا پاڵپشتی کوردی کردووە، بەڵام وەکو پێویست نەبووە، هەندێکجار زۆر کەمیش پاڵپشتی کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، کورد قوربانیان داوە بۆ ئەو ئامانجانەی ئەمریکا و خۆیان هەیەتیان لە ناوچەکە، بۆیە دەکرێت ئەمریکا زیاتر هاوکار بێت، بەڵام من پێشبینی ناکەم، بەتایبەتیش لە ئیدارەی بایدن پێشبینی ناکەم بەوەی رووبەرووی ئێران ببێتەوە لەرووی سەربازییەوە بەشێوەی راستەخۆ.

لەبارەی سنوور دانانێک بۆ ئەو هێرشانە، ریچارد پێی وابوو، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت سەربکەوێت بەسەر ئەو هەڕەشەیەی ئێران دەیکات لە ناوچەکەدا، شتێکی وەکو ئەوە بکات کە لە عێراق بیست ساڵێک لەمەوبەر ئەنجامیدا، واتە وڵاتەکە داگیر بکات و حکومەتەکە و سستەمی بگۆڕێت، کەسێکی باشتر لە دەسەڵات دابنێت، دەشڵێت: هەمووان دەزانن ئێران مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ خەڵکی خۆی و ژنانی خۆی و دراوسێ و وڵاتان وناوچەکە دەکات، سەرباری هەموو ئەو خراپیانەش، بایدن نایەوێت شەڕی لەگەڵ بکات.