حکومەتی پاکستان: بەهۆی هێرشەکەی ئێران دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە
ژمارەیەک منداڵی دیکەش بریندارن
K24 - هەولێر
حکومەتی پاکستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی هێرشەکەی ئێرانەوە بۆ سەر بلوچستان دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و چەند منداڵێکی دیکەش بریندارن.
لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بەهێرشەکانی ئێران بۆ سەر گرووپێکی چەکدار لە هەرێمی بلوچستانی پاکستان، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان باسی لەوەشکردووە، "هێرشەکان دەستدرێژی بێبنەمان بۆ سەر سەروەری ئاسمانی پاکستان".
جەختی لەوەشکردەوە، هێرشەکانی ئێران قبوڵکراونین و رەنگە دەرئەنجامی چاوەڕوان نەکراو بەدیبهێنن.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی بلوچستان، هەڕەشەن بۆ سەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تاران و ئیسلام ئاباد.
شەوی رابردوو 16/1/2023، سوپای پاسدارانی ئێران، چەند درۆن و مووشەکێکی دووهاوێژی ئاراستەی پاکسان کردووە. بەگوێرە راگەیەندراوی سوپای پاسداران "بنکەکانی گرووپی هێزەکانی عەدلی-یان لەنێو پاکستان کردووەتە ئامانج".