چاودێرانی سیاسی: ئێران چاوی بە سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت
K24 - هەولێر
چەندین لێکدانەوەی جیاواز بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکرێت. گوتەبێژی پێشووتری هاوپەیمانمان دەڵێت، ئێران نایەوێت هەرێمی کوردستان لەرووی ئابوورییەوە بەهێزبێت. بە گوتەی راوێژکارێکی پێشووتری کۆنگرێسیش، "ئێران ئیرەیی بە سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەبات".
هێرشە مووشهكییه بالیستییەکەی شەوی دووشەممە، 15-01-2024ـی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان كاردانهوهی جیاوازی لێكهوتهوه. بەهۆی هێرشەکەوە، چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهیدبوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی پێشووتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش میوانی ژووری هەواڵی کوردستان24 بوو و رایگەیاند، ئێران لە کاتێکدا هێرشەکەی ئەنجامداوە کە هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس دەکات و دەیەوێت ترس لای وەبەرهێنەرە بیانییەکان دروست بکات.
مایڵز کاگینز گوتی: "ئێران نایەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە هێزێکی ئابووری، بڕوام وایە ئێران ئەو هێرشەی کردە سەر هەولێر کە سەرمایەدارێکی کوشت، چونکە لەم هەفتەیە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی هەرێمی کوردستان لە سویسران بۆ ئەوەی دەریبخەن هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنانی بیانی شوێنێکی باشە، بۆیە ئێران لەڕێگەی ئەو هێرشانە دەیەوێت کوردەکان بتۆقێنێ و ترس لەلای وەبەرهێنەرە بیانییەکان دروست بکات."
سکۆت بەیتس، راوێژکاری پێشووی سیاسی لیژنەی ئاسایش و بەرگری کۆنگرێس بە کوردستان24ـی گوت، ئێران چاوی بە سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت و باشترین تۆڵەسەنەندەوە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە لە سەرکەوتن بەردەوامبێت.
بەیتس لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "بڕوام وایە ئێران ئیرەیی بە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دەبات. گرنگترین شت سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بتوانن بیکەن، لە هەوڵەکانیان بۆ بنیاتنانی هەرێمێکی باش و وەک دوورگەیەکی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوامبن و لەو ململانێیە تێوەنەگلێن. گەورەترین تۆڵەسەندنەوە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە لە سەرکەوتن بەردەوامبێت و نیشتمانەکەی بەهێزبکات."
ئەندامێكی پێشکەوتووی پەیمانگای هەدسن میوانی کوردستان24 بوو و دەڵێت، لە هێرشەکان کورد بەشێک نەبووە لە پەیامەکانی ئێران و تەنیا قوربانییە.
ریچارد وایتز، ئەندامی پێشکەوتووی پەیمانگای هەدسن ئەوەی خستەڕوو، "ئێرانییەکان دەیانەوێت کاریگەری لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی دروست بکەن. بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم هێرشە پەیامێکە بۆ خەڵکی خۆیان، تا بڵێن ئێمە شەڕ لە دژی ئیسرائیل دەکەین و وەڵامی هێرشەکانی دەدەینەوە و رێگە نادەین حەماس و حووسییەکان و لایەنەکانی دیکە لە دۆخێکی نەلەباردابن و ئێمەش شەڕ دەکەین. کوردەکان تەنیا قوربانی بوونە و بەشێک نەبوونە لە پەیامەکە."
هەروەها شیکەرەوە و شارەزایانی بواری ئاسایشی لە ئەمەریکا دەڵێن، ئێستا کاتی ئەوەی ئەمەریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی بدات بە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوە لە بەرانبەر هێرشە درۆن و مووشەکییەکان بەرگری لەخۆی بکات.