بەسەدان هونەرمەند و رۆشنبیرانی جیهان لەسەر پرسی غەززە بایکۆتی ئەڵمانیا دەکەن

وێنە، کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لەلایەن نوسسەری فەرەنسی "ئانی ئێرنو" ساڵی 2022.
وێنە، کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لەلایەن نوسسەری فەرەنسی "ئانی ئێرنو" ساڵی 2022.

K24 - هەولێر

سەدان رۆشنبیر و هونەرمەند لە سەرانسەری جیهاندا لەوانە نووسەری فەڕەنسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاداب "ئانی ئێرنو" داواکارییەکیان واژۆ کردووە کە داوای بایکۆتکردنی دامەزراوە رۆشنبیرییەکانی ئەڵمانیا دەکەن بەهۆی ئەوەی گوایە دەنگی فەڵەستینییەکانی لە چوارچێوەی شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا سەرکوت کردووە.

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەڵمانی سوهرکامپ کە کتێبەکانی ئێرنۆ بڵاودەکاتەوە، پشتڕاستی کردەوە کە زانای ئەدەبی فەرەنسی ئەم داواکارییەی واژۆ کردووە. روونیشی کردەوە، کە ئەو نووسەرە گوتوویەتی "بڵاوکردنەوە و پێشکەشکردنی دەقەکانی پەیوەندی بەو بانگەوازەی بایکۆتەوە نییە".

تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ناسنامەی رێکخەرانی کەمپەینی "بایکۆتی ئەڵمانیا" ئاشکرا بکرێت، بەڵام پشتڕاستیان کردەوە کە زیاتر لە هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە.

لانا باستاچیچ، رۆماننووسی بۆسنی و سربی کە خاوەنی چەندین خەڵاتە، لە پلاتفۆڕمی ئینستاگرام رایگەیاند، گرێبەستەکەی لەگەڵ بڵاوکەرەوە ئەڵمانییەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە، هەروەها ناوی باستاسیچ لە لیستی واژۆکارانی داواکارییەکەدا هاتبوو.

کەمپەینەکە لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا بە "بایکۆتی ڕەگەزپەرستی دژە فەڵەستین و سانسۆر لە پێشکەوتووترین و فەرمیترین شێوەکانیدا" پێناسە دەکات.

 واژۆکارانی داواکارییەکە دەڵێن: لە کاتێکدا کە غەززە خەریکە لەناو دەچێت، ئەوە ئەرکی هونەرمەندان و رۆشنبیرانە کە خەبات بۆ هاوپشتی نێودەوڵەتی و مافی دەنگدان لە دژی ئەو کوشتارە بەردەوامە بکەن.

 سەرکردەکانی ئەڵمانیا لە دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا پشتگیری تەواویان بۆ ئیسرائیل نیشان دا، دواتر بەهۆی جیاوازی بۆچوونەکان سەبارەت بە شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل و حەماس زۆرێک لە بۆنە کولتوورییەکانیان هەڵوەشاندەوە.