مونا یاقۆ: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگرن
K24 - هەولێر
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، ئێران ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق هەیەتی پێشێلی کردووە و پابەند نەبووە.
مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەهێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگەیاند، ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ وڵاتانی دەووروبەر باشە بەڵام بەداخەوە، ئەوان کارێک دەکەن کە تاوان و پیشێلکاریی مافی مرۆڤە.
گوتیشی: لە رەشنوسی رێککەوتنامەی رۆما، کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیش لەسەر ئەو رەشنوسە دروستکرایە، ئەو کارەی ئەو وڵاتە کردوویەتی بە تاوانی نێودەوڵەتی هەژماردەکرێت کە ئەویش پێی دەڵێن "عدوان" دوژمنکاری.
مونا یاقۆ دەشڵێت: وەکو دەستەی مافی مرۆڤ داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە عێراقیش ئەندامە لەو رێکخراوە، بەرۆڵی خۆیان هەستن، کە ئەو جۆرە تاوان و هێرشانە لە هەرێمی کوردستان رابگرن.
راشیگەیاند، داوامان ئەوەیە رێز لە دراوسێتی و دەستوور و ئەو رێککەوتنەی لە نێوان عێراق و ئێران هەیە بگیرێت، کە عێراق رێککەوتنەکانی جێبەجێکردووە بەڵام ئێران پابەندی رێککەوتنامەکە نەبووە.
شەوی 15 لەسەر 16ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشین، کە بەگوێرەی ئامارەکان پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.