کۆمکاری عەرەبی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر کۆدەبێتەوە
K24 - هەولێر
کۆمکاری عەرەبی دانیشتنێکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئەنجامدەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-01-2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، کۆمکاری عەرەبی دانیشتنێکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئەنجامدەدات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەحمەد ئەبول غەیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، بۆردوومانی ئێران بۆ سەر هەولێر شەرمەزار دەکات و، پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دووپاتدەکاتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سکاڵایەکی تایبەت بە هێرشە دوژمنکاریی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. راشیگەیاندووە، هێرشەکان بوونەتە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، جیا لەوەی زیانی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت گەیاندووە.
لەلایەن خۆیەوە سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، "پێچەوانەی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراقە کە لەوانەیە هەڵبپەسێردرێت".
بە گوتەی عەباسی، ئێران بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان؛ "زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێران و عێراق دەگەیەنێت. دەبوو تەواوی ئەو زانیارییانەی باس لە بوونی چالاکی سیخۆری لە هەولێر دەکەن، بە دەسەڵاتدارانی عێراق بدات بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت". گوتیشی، "ئێران ئێمەی لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاگادار نەکردووەتەوە".
نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.
لە دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە.