ئەمەریکا و بەریتانیا چوارەم جارە لەم هەفتەیەدا حوسییەکانی یەمەن بۆردومان دەکەن
K24 - هەولێر
سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14 سەکۆی مووشەکەکانی حوسییەکانمان کردووەتە ئامانج، کە ئاماسە کرابوون بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەفتەیە چوارجار هێرشیان کردووەتە سەر حوسییەکان.
فەرماندەیی سەربازیی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "ئەم مووشەکانەی کە لەسەر سەکۆی هەڵدانی مووشەکەکان بوون، مەترسی بوون بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ناوچەکە، دەکرا لە هەر ساتێکدا ئەو مووشەکانە هەڵبدرێن".
سێنتکۆم راشیگەیاند، هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حوسییەکان، بە ئامانجی لاوازکردنی تواناکانیانە بۆ ئەو هێرشانەیان کە دەکەنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتی و بازرگانیەکان لە دەریای سوور و گەرووی باب ئەلمەندەب و کەنداوی عەدەن".
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی "ئەلمەسیرە"ـی سەر بە حوسییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا ژمارەیەک لە پارێزگاکانی یەمەنیان کردۆتە ئامانج، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک هات کە حوسییەکان بانگەشەی هێرشیێکی نوێیان بۆ سەر کەشتییەکی ئەمەریکی لە دەریای سوور کرد.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەستدرێژیی ئەمەریکا و بەریتانیا پارێزگاکانی "تەعز، زەمار، بەیزا و سەعدە"ـی کردووەتە ئامانج.
ئەم هێرشە نوێیانە دوای ئەوە هات کە حوسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشێک راگەیاندووە، کە کەشتییەکی ئەمەریکی لە کەناراوەکانی یەمەن کراوەتە ئامانج.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هێزە دەریاییەکانی حوسییەکان کەشتیی ئەمریکی "جینکۆ پیکاردی"یان لە کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج"، بەڵێنشیدا بەردەوام بن لە هێرشەکان لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆیان لەپشتیوانی فەڵەستینییەکان لە غەززە.