عەلیرەزا نوریزادە: وەک گەلی ئێران داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان دەکەین
K24-هەولێر:
بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی- عەرەبیی پێی وایە ئێران ترسی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هەیە، چونکە گەلی ئێران بڕیاریداوە بایکۆتی گشتیی هەڵبژاردن بکات، بە پێویستیشی زانی داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکات وەک هاووڵاتییەکی ئێرانی بەرامبەر ئەو تاوانەی ئێران دەرهەق بە خەڵکی کوردستان و هەولێری کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە(18ی کانوونی دووەمی 2024)،عەلیرەزا نوریزادە بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی- عەرەبیی لەبارەی هێرشی بێپاساوی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، لە کوردستان24 ەوە، سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان کرد بەهۆی دەستدرێژیەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەولێر، گوتی: کورد هاوکاریی و یارمەتی ئێرانیان داوە لەسەردەمی پێشووی عێراق، پێشتریش باشترین پەیوەندی فەرهەنگی و ئابووری و کۆمەڵایەتیان لەنێوانیانداهەبووە، تەنانەت لە رووی ئەمنیشەوە پەیوەندی زۆر باشیان هەبووە، ئاماژەی بەوە کرد، ئێران وا هەستدەکات بە ئامانج گیراوە، چونکە ئیسرائیل بەوەندە ناوەستێ لە حەماس و حزبوڵڵا و حوسییەکان بدات، بۆیە ئێران ئەوە جێبەجێدەکات کە دەگوترێت (ئەوەی زوو گورز بوەشێنێت سەرکەوتوو دەبێت)، لەسەر ئەو بنەمایە پێی وایە کە دەبێ زوو گورزەکان بووەشێنن، هەرچەند ئەوەی ئێران گورزی یەکەم نییە.
عەلیرەزا نوریزادە گوتی: هێزەکانی ئێران پێشڕەو دزەییان شەهید کردووە کە پیاوێکی بازرگان بووە لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی، ئەوە تاوانێکی زۆر قێزەوەنە دەرهەق بە کوردستان و تەواوی عێراق، گەلانی ئێران بێبەرین لەو کردەوانەی دەسەڵاتی ئێران، گەلی ئێران لەگەڵ کورد دەوەستن، ئەمڕۆ لەزۆر کەسایەتی ئێرانم بیستووە سەرکۆنەی ئەو هێرشەی سەر هەولێریان کردووە، دەڵێت: کێشەکە ئەوەیە حکومەتی عێراق دۆستی رژێمی ئێرانە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد هەرێمی کوردستان پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، بۆیە هەڵوێستێکی خۆڕاگرانەی هەبوو بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی ئێران، لە کاتێکدا پارتە سیاسییە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەکیان داناوە و دەستیان بە خەباتی فەرهەنگی کردووە و دوورن لە سنووری ئێران، دەپرسێت: کە ئەو هێزانە دوورن لە ئێران، نازاندرێ ئێران بۆ هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: دەسەڵاتی ئێران دەزانێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو گەلی ئێران بایکۆتی گشتیی دەکات و بەشداری هەڵبژاردن ناکات، بۆیە دەیانەوێت پشێوی دروستبکەن، بۆ ئەوەی پاساو بۆ بەشداری نەکردنی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنەکان بێننەوە.
بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئێرانی- عەرەبیی ئاماژە بەوە دەکات، هەمیشە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوپۆشی لە زۆر شتی ئێران کردووە، سەدان ئەمریکیان کووشتوە لە لوبنان و عێراق، بەڵام ئەمریکا وا سەیری بابەتەکەی کردووە کە بابەتێکی ستراتیژییە، بەڵام لەسەر هێرشەکەی سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان زۆرێک لە وڵاتان هاتنە دەنگ، پێیان وایە نابێت هێرش بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و پاکستان و دەریای سوور، هیچ وڵاتێک پشتگیری ئەو کردەوانەی ئێران ناکات، گوتی: من هاووڵاتییەکی ئێرانیم و داوای لێبووردن لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم، خێزانەکەم بە کوڵ بۆ قوربانیانی شاری هەولێر دەگری کە بە هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران گیانیان لەدەستدا، ئێمە خۆمان لە ئێوە دەزانین و هاوخەمتانین.