ئەردۆغان: ئۆپراسیۆنەکانمان لە دژی پەکەکە بەردەوام دەبن و جەهەپەش لەلایەن دەم پارتییەوە بە بارمتە گیراوە
K24 – هەولێر:
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، جەهەپە و دەم پارتی دەیانەوێت تیرۆریستان ئازاد بکەن و جەختیشیکردەوە، لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان لە دژی چەکدارانی پەکەکە بەردەوام دەبن.
رۆژی هەینی (19ـی کانوونی دووەمی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاری ئاکپارتی لە یەلۆڤا رایگەیاند، جەهەپە لەلایەن دەم پارتییەوە بە بارمتە گیراوە و دەیانەوێت لەپێناو دوو سێ دەنگی زیاتر و بەدەستهێنانی شارەوانی زیاتر، تیرۆریستان ئازاد بکەن.
هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا لە رێورەسمی رادەستکردنی چوار کەشتی بە هێزی کەشتیگەلی سوپای تورکیا رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبن و ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە بەربەستیان خراوەتە بەردەمیان بەڵام ئەوان لە رێگەی چەکی خۆماڵییەوە ئۆپەراسیۆنەکانیان ئاسانتر بەڕێوەدەبەن.
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەوانەی پێشتر چەکیان بە ئێمە دەدا، یەک بە یەک هەژماری ئەو فیشەکانەیان دەکرد کە بەکارمانهێناوە لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر، هەمیشە بەربەستیان دەخستە بەردەممان بەڵام لە رێگەی پەرەپێدانی چەکی خۆماڵی توانیمان ئەم بەربەستانە بەلاوەبنێین و ئێستا بەبێ کێشە ئۆپراسیۆنەکانمان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بەڕێوەدەبەین".
هاوکات ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد: "بە رژدییەوە ئۆپراسیۆنەکانمان لە سووریا و عێراق بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی زەڵکاوەکانی تیرۆر وشک دەبن. لە قۆناغی داهاتوو پەرە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و کەشتییەکانی فڕۆکەی جەنگ و چەکەکانی دیکەی وشکانی و دەریایی دەدەین".