حکومەتی هۆڵەندا لە سەر هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر داوای روونکردنەوە لە ئێران دەکات

هانکە برەنیس سلۆت وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا
هانکە برەنیس سلۆت وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا

K24 -

هانکە برەنیس سلۆت وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت، داوای دوا روونکردنەوەی لە ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە ئەمستردام کردووە، لە سەر هێرشەکان و شەهیدکردنی ژینە پێشڕەو، کە هەڵگری ناسنامەی هۆڵەندییە.

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تویتەری پێشوو بڵاویکردووەتەوە، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی گفتوگۆی کردووە بۆ دوا ئەوەی روونکردنەوە بدات سەبارەت بەکوشتنی منداڵێکی هۆڵەندی لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، هاوکات باڵیۆزی ئێرانیشی بانگهێشتکردووە بۆ ئەوە روونکردنەوە بدات.

هانکە برەنیس سلۆت نووسیویەتی، بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەم و بەگیانلەدەستدانی ئەم منداڵەی، کە تەمەنی کەمترە لە یەک ساڵ دڵشکاوم و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم.

ئاماژەیداوە، لەم کاتە هەستیارەدا کونسوڵی هۆڵەندای لە هەولێر راسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی خێزانەکەی شەهید ژینە پێشڕەو بکات.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر بەچەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، لەلایەن خۆیەوە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و نەک بنکەی سیخوڕی ئیسرائیل.

هەر لە بارەی هێرشە مووشەکییەکان سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی رێککەوتنی ئێران و عێراقە، نەشی شاردەوە، ئەگەر هەیە کارکردنی بە رێککەوتنەکە هەڵپەسێرن.