هێرشەکانی ئۆکرانیا؛ دانیشتووانی هەرێمی بیلگۆرۆدی رووسیایان ناچار بە کۆچکردن کردووە

بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرانیاوە دانیشتووانی هەرێمی بیلگۆرۆدی رووسیای خانووەکانیان چۆڵکردووە
بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرانیاوە دانیشتووانی هەرێمی بیلگۆرۆدی رووسیای خانووەکانیان چۆڵکردووە

K24 - هەولێر

نزیکەی دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت، دانیشتووانی هەرێمی بیلگۆرۆدی رووسیا بەهۆی نزیکی ناوچەکەیان لە ئۆکرانیاوە، بەردەوام لەترس و دڵەڕاوکێدا دەژین. بەشێکییان بەهۆی هێرشی درۆنەکانی ئۆکرانیاوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.

پەنجەرەی زۆرینەی باڵەخان و شوێنە گشتییەکانی هەرێمی بیلگۆرۆدی رووسیا لە سنووری ئۆکرانیا، بەهۆی هێرشی درۆنیی و مووشەکی ئۆکرانیاوە شکاون و زیانیان پێگەیشتووە.

خەڵکی بێلگۆرۆد بەترس و دڵەڕاوکێوە ژیانیان بەسەردەبەن، چونکە ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدا، درۆنەکانی ئۆکرانیا جارێکی دیکە دۆخەکە بشڵەژێنێتەوە و بازاڕ و دووکانەکان ناچار بە داخستن بکەنەوە.

ئۆلێگ جێگراسیمۆڤ، شوفێرێکی بارهەڵگرە و دەڵێت، "لەدوای شەڕەوە هاووڵاتییانی سڤیلیش دەستیان بەهەڵگرتنی چەک و پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یەکەی ئۆپەراسیۆنی بیلگۆردۆوە کردووە. ئەو کەسانەی پێشتر ئەزموونی چەکدارییان هەبووە و خاوەن چەکن، ئێستا رۆڵێکی باش لە پاراستنی بیلگۆرۆد دەگێڕن".

لە بیلگۆرۆد و ئەو هەرێمانەی دیکەی رووسیا کە دەکەونە سەر سنووری ئۆکرانیا ژیان نیمچە راوەستاوە، زۆرینەی فەرمانگەکان داخراون یاخود بەکەمی کاردەکەن. خەڵکیش بە کەمی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەبینرێن، ئەوانەی زۆرترین جار دەبینرێن، یەکە سەربازیی و ملیشیا گەڕۆکەکانن، هەردەم لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هێرشی ئۆکرانیا بۆسەر ناوچەکەیان.

ئەندرێی، سەربازی خانەنشینە و باس لەوە دەکات، "ئەرکی زۆرمان لەسەرشانە جێ بەجێیان بکەین، لێرە لە بیلگۆرۆد سەربازانی یەکە جوڵاوەکان لە کۆڵان و گەڕەکە جیاوازەکان دابەشکراون. هەروەها تیمی وەڵامدانەوەی خێراشمان هەیە".

هەرێمی بیلگۆرۆد دەکەوێتە رۆژئاوای رووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا، بەهۆی نزیکیی لە گۆڕەپانی شەڕەوە، ناو بەناو ئۆکرانیا بەدرۆن هێرشی دەکاتە سەر، خەڵکی ناوچەکەش بەهۆی ترسی بەردەوامی بۆردومان دەستە دەستە هەرێمەکە بەجێ دەهێڵن.