ناتانیاهۆ رەتیکردەوە بەڵێنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی بە بایدن دابێت
K24 - هەولێر
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی هەینی رابردوو لەگەڵ جۆ بایدن، بەڵێنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی بەسەرۆکی ئەمەریکا دابێت.
وەڵامی نووسینگەی ناتانیاهۆ کە لەلایەن "دەستەی پەخشی ئیسرائیل"ەوە بڵاوکرایەوە، لە وەڵامی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئەمەریکادا هات کە ئاماژە بە ئامادەیی ئیسرائیل دەکات بۆ رازیبوون بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی.
نووسینگەی ناتانیاهۆ لە وەڵامی خۆیدا رایگەیاند: "سەرۆکوەزیران جەختی لە هەڵوێستی بەردەوامی خۆی کردەوە بەوەی دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای نەهێشتنی حەماس، پێویستە ئیسرائیل بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەمنی بەسەر کەرتی غەززەدا بسەپێنێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی غەززە چیتر مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست ناکات، ئەمە پێچەوانەی داواکاریی سەروەری فەڵەستینە.
دوێنێ کۆشکی سپی رایگەیاند، بایدن لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دیدگای خۆی بۆ ئاشتی و چارەسەری دوو دەوڵەتی لە هەمان کاتدا مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل تاوتوێ کردووە، هەروەها باسیان لە بەرپرسیارێتی ئیسرائیل کردووە لە سنووردارکردنی ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی شەڕی غەززە بە خەڵکی سڤیلی گەیاندووە لە کەرتەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "سی ئێن ئێن"ـی راگەیاند، بایدن و ناتانیاهۆ بە وردی و بە جددی باسیان لە تایبەتمەندییە ئەگەرییەکانی دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین کردووە، دەشڵیت، بەرپرسانی ئیدارەی بایدن لەم دواییانەدا بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی بێ چەکداریان تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی شەممە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ماوەی 40 خولەک قسەیان کردووە و گفتوگۆکەیان باشبووە.
لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکران، لەوەڵامی هێرشە چڕەکانی سەر کەرتی غەززەدا، زیاتر لە 24 هەزار فەڵەستینی وژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 60 هەزار کەسیش بریندار بوون.