پێنتاگۆن: لە هێرشە مووشەکیی و درۆنەکان نزیکەی 70 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق و سووریا برینداربوون

K24 – هەولێر
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 70 سەربازی ئەمەریکی لە عێراق و سووریا بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران برینداربوون، برینی بەشێکیان قورسە.
بەگوێرەی دوا زانیاریی بەرگری ئەمریکا لە دوایین هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر سەربازگەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، دوو سەربازی ئەمەریکی برینداربوون بەهۆی زیان گەیشتن بە سەریان، هەروەها چەند سەربازێکی عێراقیش بە سەختی برینداربوون.
بەرپرسانی پێنتاگۆن بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکیان راگەیاندووە، لە تشرینی دووەمی 2023 و تاوەکو 20/1/2024، نزیکەی 70 سەرباز بەهۆی هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکانەوە برینداربوون، بەڵام زۆربەیان دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕاونەتەوە ئەرکەکانیان، تەنیا ژمارەیەکی کەمیان نەبێت، تاوەکو ئێستاش لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.
پێشتر سابرینا سینگ، وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، لە سێ مانگی رابردوودا، 140 هێرش لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، کە 57 هێرشیان لە عێراق و 83 هێرشەکەی دیکەش لە سووریا بوون.
چڕکردنەوەی هێرشی مووشەکیی و درۆنەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کە خۆیان بە گرووپی موقاوەمە ناساندووە، لە چوار چێوەی هەوڵ و فشارەنە بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق و ناوچەکە، کە لایەنە سیاسییەکانی شیعە لە عێراق جارێکی دیکە هەوڵی بۆ دەدەن، هەرچەندە لە سەرەتای ساڵی 2020 دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانیدا هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کوژران، دوو رۆژ دوای هێرشەکە پەرلەمانی عێراق یاسای دەرکردنی سەربازانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکەی پەسەند، بەڵام لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و دەستپێکردنی شەڕی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززەی فەڵەستین، هێرشی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هەوڵەکانی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق جارێکی دیکە چڕبووەتەوە.