رێبوار یەڵدا: ئەگەر هەیە پێش ناوەڕاستی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات، ئامادەکاری تەواوییان بۆ پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و بەڵام وادەی بەڕێوەچوونی تاوەکو ئێستا دیارینەکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی دووەمی 2024) رێبوار یەڵدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەکاری تەواوییان بۆ پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
ناوبراو گوتیشی: وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ئێستا دیارینەکراوە و ئەگەر هەیە پێش ناوەڕاستی ئەمساڵ پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت.
رۆژی سێشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) شاندی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومێکی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.
رۆژی (10ـی کانوونی دووەمی 2024) دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بەپێی یاسا، بۆیە لە هەماهەنگیدا دەبین لەگەڵیان بۆ دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی (3ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا کە رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دابینکردنی بودجەی پێویست بووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان.