دانیشتووانی سلێمانی دژی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر خۆپیشاندانیان کرد
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی2024، ئارام بەختیار، پەیامنێر کوردستان24 لەمیانەی گەشتیێکی هەوڵدا رایگەیاند، ئەو گردبوونەوە ناڕەزایەیی لە سلێمانی ئەنجامدرا بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر هاووڵاتییەکی زۆر تێیدا بەشداربوو، بە دروشمی بەیەک دڵ، بەیەک جەستە، بەیەک گیان، پەیامی خەڵکی سلێمانی دەبێت.
سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرسەو سەرەخۆشیمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید پێشڕەو دەکەین، هیوادارین ئەم کارەساتە دوا کارەسات بێت و دووبارە نەبێتەوە، ئەمڕۆ دانیشتوانی سلێمانی و دەوربەری زۆر نیشتمان پەروەرانە بە گوڕو تینێکی زۆرەوە ئامادەبوون، بۆ گەیاندنی ئەو ناڕەزاییانەی بەرامبەر بەو دەستدرێژییانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان- هەولێر.
گوتیشی: "ئەگەر وەکو پرانسیپی گشتی سەیری بکەین، مێژووی مرۆڤایەتی لە ئاشتی لە تەبایی لە یەکتر تەواوکردن گەشەی کردووە، ئەگەر ئەوە بۆ مێژووی مرۆڤایەتییەوە راست بێت بە دڵنیاییەوە، بۆ ئێمە و بۆ دراوسێکانیشمان راستە".
سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند: "لە مێژوودا هەرکاتێک کە ئێمە دۆست و تەبابووبین زیاتر سوودمان وەرگرتووە، بەرەو پێشکەوتنی زیاتر رۆشتووین، مێژووش دووبارە سەلماندوویەتی کە ئێمە بە زەبرو زەنگ، تۆقاندن، کیمیا بارانکردن و ئەنفال سەری بەرزی ئێمە نزم نەبۆتەوە، ئێستاش بە درۆن و مووشەک و هێرشەکان سەری بەرزی ئێمە نزم نابێت، ئیرادەمان پۆڵایینە، ئەو ئیرادەی لەلای دانیشتوانی هەرێمی کوردستان هەیە لە بن نەهاتووە، ئێمە گرەومان لەسەر سەرکەوتنە، هیوادارین بگەڕێینەوە بۆ لۆژیکی ئاشتی و تەبایی".
زیاد رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە خۆپیشاندانەکەدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەک هەر تاکێکی کوردی ئەم شارە ناڕەزایی دەربڕین و بۆردومانکردن و مووشەک بارانی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شەرمەزار دەکەین کە بە پاساوی ناڕاست و درۆ کە چەندەمین جارە ماڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکرێت.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.